هەسەدە: دوو هێرشى تورکیا و بەکرێگیراوەکانیمان لە مەنبیج تێکشکاند

07-12-2024 02:01

پەرەگراف

هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت، بۆ دووەم ڕۆژ هێرشى "سوپاى تورکیا و بەکرێگیراوەکانى" لە بەرەى مەنبیج بەردەوامە. سەربارى دەیان بۆردوومان بە فڕۆکەى بێفڕۆەکەوان، دوو هێرش لەلایەن شەڕڤانانى هەسەدەوە تێکشکێنراون.

گرووپە چەکدارییەکانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا کە خۆیان لەژێر ناوى "سوپاى نیشتمانیى سووریا" ڕێکخستووە و لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتى دەکرێت و لەلایەن هەسەدەوە بە "بەکرێگیراوى تورکیا" ناو دەبرێن، دوو ڕۆژە ئۆپەراسیۆنى چڕیان بۆ سەر هێزەکانى سووریاى دیموکرات لە مەنبیج دەست پێ کردووە. تورکیا ئامانجیەتى لە سەروبەندى پێشهاتە نوێیەکانى سووریادا، بەتایبەت شارۆچکەى مەنبیج لەلایەن ئەو گرووپانەوە کۆنترۆڵ بکرێت.

هێزەکانى سووریاى دیموکرات لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانى شەڕ لە مەنبیج و گوندەکانى دەوروبەرى دەڵێت "فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى سوپاى داگیرکەرى تورکیا دەیان جار ناوچەکەى بۆردوومان کردووە، سەربارى سەدان جار تۆپبارانکردن و مووشەکبارانى ناوچەکە لەلایەن گرووپە بەکرێگیراوەکانەوە ".

بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى هەسەدە، گرووپەکانى نزیک لە تورکیا و دەستەى تەحریرى شام هێرشى هاوبەشیان بۆ کۆنترۆڵکردنى گوندەکانى باشوور و ڕۆژئاواى مەنبیج دەست پێ کردووە.

هەسەدە دەڵێت، شەڕڤانانى ئەنجوومەنى سەربازیى مەنبیج هێرشى گرووپەکانى نزیک لە توریایان لە گوندى (عندبات) تێکشکاندووە و ناچار بە هەڵاتنیان کردوون. لە بەرەى (دیر حافر) و (ڕێگاى تەبقە - حەلەب)ـیش سوپاى تورکیا خۆى هێرشى ئەنجام داوە، بەڵام "تا ئێستا شکستیان هێناوە".