ئۆپۆزسیۆنى سووریا سێ پارێزگاى لە باشوور کۆنترۆڵ کرد

07-12-2024 01:31

پەرەگراف

ژوورى ئۆپەراسیۆنى باشوور کە لەلایەن گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانى سووریا لە ناوچەکانى باشوورى ئەو وڵاتە دوێنێ ڕاگەیەندرا، لە ماوەى ٢٤ کاتژمێردا پارێزگاکانى دەرعا، سوەیدا و قونەیترەى کۆنترۆڵ کرد. سوپاى سووریا بەرەو دیمەشق لەکشانەوەدایە و ئۆپۆزسیۆن تەنیا ٤٠ کیلۆمەتر لە پایتەختەوە دوورە.

دوایین ناوچە کە کۆنترۆڵ کراوە، پارێزگاى قونەترەیە کە دەکەوێتە باشوورى ڕۆژئاواى سووریا. بچووکترین پارێزگاى سووریایە و بەرزاییەکانى جۆلان لەخۆ دەگرێت کە بشێکى زۆرى لەلایەن ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵ کراوە.

ئەمڕۆ هێزەکانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا کۆنترۆڵکردنى پارێزگاى قونەیترەى ڕاگەیاند، پاش ئەوەى هێزەکانى سوپاى سووریا بەئاراستەى دیمەشقى پایتەخت کشانەوە.

دوێنێ هەینى ٦-١٢-٢٠٢٤، گرووپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکانى سووریا لە پارێزگاى دەرعاى باشوورى سووریاوە ئۆپەراسیۆنیان دژى سوپاى سووریا دەست پێ کرد و "ژوورى ئۆپەراسیۆنى باشوور"ـیان ڕاگەیاند.

ئەو گرووپانە لە ماوەیەکى کەمدا پارێزگاى دەرعا و پاشا پارێزگاى سوەیدایان کۆنترۆڵ کرد.

گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانى باشوورى سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا وتیان "ئامانجمان کۆنترۆڵکردنى دیمەشقى پایتەخت و یەکگرتنەوە و کۆبوونەوەیە لە مەیدانى ئومەوى لە دیمەشق".