مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی خۆپیشاندانیان دەستپێكرد بۆ مووچە

07-12-2024 10:49

پەرەگراف

مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی دوای بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد بۆ مووچەکانیان.

مامۆستایان کە دوو مانگی مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەمڕۆ لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی کۆبوونەوەو

داوای مووچەی هەرسێ مانگی 10، 11و 12 دەکەن.

ئەوە لەکاتێکدایە حکومەتی عێراق تەنها 763 ملیار دیناری بۆ هەرێم ناردووە بۆ مووچەی مانگی 10 لە کاتێکدا مووچەی یەک مانگ زیاتر لە 200 ملیار دیناری دیکەی پێویستە، حکومەتی هەرێم دەڵێت ناتوانێت ئەو کورتهێنانە پڕبکاتەوە، بەوهۆیەوە مووچە دابەش ناکات.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ڕایگەیاند "لە پشکى هەرێم تەنیا ئەو ٧٦٣ ملیار دینارە ماوە کە بڕیارى لێ دراوە و هیچ گواستنەوەیەکیش (لە بودجەى وەبەرهێنان بۆ مووچە) لە پشکی هەرێمدا ناکرێ". سەرۆکوەزیرانى عێراق جەختى کردووەتەوە کە هەرێم بە ڕادەستکردنى داهاتى نانەوتىییەوە پابەند نەبووە.