پەرەگراف
پاش كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئێران و سووریا لە بەغداد، وتەبێژی حكومەتی عێراق هەڵوێستی فەرمیی لەبارەی بارودۆخی سووریاوە ڕاگەیاند و دەڵێت "عێراق نایەوێت دەستوەردانی سەربازی لە سووریا بكات".
باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا دەشڵێت "هەموو ئەوەی لە سووریا ڕوو دەدات، پەیوەندیی بە ئاسایشی نیشتمانیی عێراقیشەوە هەیە، بۆیە عێراق بە هەموو توانایەوە كار دەكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسیی هاوسەنگ".
عەوادی ڕووداوەكانی سووریای بە "ئاڵۆز" وەسف كرد و هاوكات جەختیشی كردەوە كە "دابەشكردنی سووریا بەلای عێراقەوە هێڵی سوورە".
ئەمڕۆ هەینی 6-12-2024، كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئێران و سووریا لە بەغداد بەڕێوە چوو و دواتریش كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجام دا.
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، وتی "دەمانەوێت بایەخی زۆر بە دۆخی سووریا بدەین. هەر سێ وەزیر گفتوگۆمان دەربارەی هەڕەشەكان كرد، لەپێناو هەماهەنگی لەسەر چالاكییە دیبلۆماسییەكان".
هەروەها بەسام سەباغ، وەزیری دەرەوەی سووریا، ڕایگەیاند "جەختمان لەوە كردەوە كە سوپای سووریا ئەركی خۆی لە بەرپەچدانەوەی هێرشە تیرۆریستییەكان بەجێ دەگەیەنێت". گرووپە چەكدارییەكانی ئۆپۆزسیۆنیشی بە "پێشێلكردنی بڕیارنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان" تۆمەتبار كرد.
هاوكات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ گەل و حكومەتی سووریا دووپات كردەوە و ڕایگەیاند "حكومەت و گەل و سوپای سووریا ڕووبەڕووی هێرشی تیرۆریستی بوونەتەوە".
عێراقچی ڕووداوەكانی سووریای بە "پیلانێكی زایۆنی - ئەمریكی" ناوبرد و وتیشی "پەیامی هەر سێ وڵات زۆر گرنگ بوو، پەیامی پاڵپشتی بوو بۆ حكومەتی سووریا لە شەڕی دژ بە تیرۆر".
"ئەم هەڕەشە تیرۆریستییە تەنیا لە چوارچێوەی سووریادا نابێت، بەڵكو هەڕەشە دەبێت بۆ تەواوی ناوچەكە. گرووپە تیرۆریستییەكان بەهێزتر دەبن و هێرش دەكەنە سەر وڵاتانی دراوسێ. دەبێت هێرش بكەینە سەر تیرۆر، بۆ ئەوەی ئاسایشی خۆمان بپارێزین"، وەزیری دەرەوەی ئێران وای وت.