پەرەگراف
دەستەى تەحریرى شام بە تەواوى شارى حەماى کۆنترۆڵ کرد و کەمتر لە ٤٠ کیلۆمەتر لە حمس دوورە. سوپاى سووریا زۆرینەى هێزەکانى خۆى بۆ ناو شارى حمس کشاندووەتەوە بۆ بەهێزکردنى هێڵى بەرگرى و شەپۆلێکى گەورەى ئاوارەبوونى عەلەوییەکانى شارەکەش دەستى پێ کردووە.
ئەمڕۆ ٥-١٢-٢٠٢٤، چەکدارانى دەستەى تەحریرى شام پاش شەڕێکى سەخت، توانییان بچنە ناو شارى حەما لە ناوەڕاسنى سووریا. پاش چەند کاتژمێرێکیش لە ڕووبەڕووبوونەوەى توند، هێزەکانى سوپاى سووریا شکان و ناچار بوون بە چۆڵکردنى شارەکە.
دەستەى تەحریرى شام جگە لە شارى حەما، سەرجەم ناوچەکانى دەوروبەریشى کۆنترۆڵ کردووە، لەناویاندا شارى سەلەمیە لە ڕۆژهەڵاتى حەلەب.
پاش کۆنترۆڵکردنى شارى حەلەب کە گەورەترین شارى سووریایە لە ڕووى ژمارەى دانیشتووانەوە، هەروەها شارى حەما کە چوارەم گەورەترین شارە، ئێستا دەستەى تەحریرى شام هەوڵى کۆنترۆڵکردنى شار حمس دەدات کە سێیەم گەورەترین شارە.
پاش دروستبوونى مەترسى لەسەر شارى حمس، عەلەوییەکانى نیشتەجێى شارەکە، بە لێشاو بەرەو پارێزگاکانى تەرتووس و لازقیە دەڕۆن.
شارى حمس تەنیا ٤٥ کیلۆمەتر لە شارى حەما دوورە، بە کۆنترۆڵکردنى شارى سەلەمیە لە ڕۆژهەڵاتى حەما، دەستەى تەحریرى شام کەمتر لە ٤٠ کیلۆمەتر لە شارى حمس دوورە.
ئەگەر شارى حمس لەلایەن دەستەى تەحریرى شامەوە کۆنترۆڵ بکرێت، ئەوا هەردوو پارێزگاى تەرتووس و لازقیە کە بەدەست سوپاى سووریاوەن و دەکەونە سەر دەریاى سپیى ناوەڕاست، لە دیمەشق و ناوچەکانى دیکەى ژێردەستى حکومەتى سووریا دادەبڕێن و دەکەونە ناو نیمچەگەمارۆى دەستەى تەحریرى شامەوە.