پەرەگراف
موقتەدا سەدر، ڕێبەرى ڕەوتى سەدر، داوا لە حکومەتى عێراق و میلیشیاكان دەکات کە "دەستوەردان لە دۆخى سووریا نەكەن" و دژی بڕیاری گەلی سووریا بۆ دیاریكردنی چارەنووسى خۆیان نەوەستنەوە.
سەدر لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیى (ئێكس) دەڵێت "بەوردی چاودێریى دۆخی سووریاى دراوسێى ئازیزمان دەكەین. هیچمان لە دەستنایەت بۆ گەلە ئازاد و سەربەزەكەی بە تەواوی پێكهاتەكانیەوە، جگە لە نزا و پاڕانەوە بۆ بەدووربوونیان لە بەڵای تیرۆر و توندڕەوی و ستەم و تائیفیەت و دەستوەردانی دەرەكی".
ڕێبەرى ڕەوتى سەدر دەشڵێت "ئێمە هێشتا لەسەر هەڵوێستی خۆمانین بۆ دەستوەرنەدان لە كاروباری سووریا و نەوەستانەوە دژی بڕیاری گەلەكەی، چونكە ئەوان تاكە لایەنی پەیوەندارن بە چارەنووسیانەوە".
موقتەد سەدر جەخت دەکاتەوە کە "پێویستە عێراق، بە حكومەت و گەل و تەواوی لایەنەكانی و میلیشیا و هێزە ئەمنیيەكانەوە، دەستوەردان لە دۆخی سووریا نەکەن، کە لە ڕابردوودا هەندێکیان دەستوەردانیان کردووە".
بە پێچەوانەوە، سەدر بە پێویستیشى دەزانێت "حكومەت ڕێگر بێت لە دەستوەردان و سزای ئەوانە بدات پێشێلی ئاسایش و ئارامی لە عێراقدا دەکەن".
"داواكارین لە هەموان پەلكێش نەكرێنە ناو پیلانی سێكوچكەی شوومى ئەمریكا و بەریتانیا و ئیسرائیل و ئەوانەی دوایان كەوتوون"، ڕێبەرى ڕەوتى سەدر وا دەڵێت.