پەرەگراف
وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق لە بارەی پشکی هەرێم لە بودجە "قسەی گۆڕیوەو ڕاست ناکات"، دەشڵێت، خەڵک و حکومەتی هەرێم بێزاربوون لەو هەڵسوکەوتانە.
رێبەر ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، بابەتی مووچە هیچ بیانوویەكی ئیداری و دارایی تێدا نەماوە و هەموو كێشەكان چارەسەر كراون، بۆیە بەغدا ئێستا قسەكەی گۆڕیوە و دەڵێن، بەشی هەرێمی كوردستان هەر ئەوەندەیە و پارەی تر نادەین، لە كاتێكدا مووچە لە هیچ كوێ و هیچ كاتێك ئاوا نەبووە و دەبێت مانگانە بدرێ.
"ئیتر خەڵك و ئێمەیش بێزار بووین لەم هەڵسوكەوتانە، هیوادارین بە زووترین كات مووچەی مانگانە لە كاتی خۆیدا بدرێت و ئەم برسیكردنەی گەلی كوردستان هەر كەسی لە پشت بێت هەڵە دەكات، چونكە حكوومەتی هەرێم هەرچی لەسەر بووە كردوویەتی و ئەوەی بەغدایش دەیڵێ ڕاست نییە، چونكە بیانووەكانیان بنبڕ كراوە، بۆیە قسەی خۆیان گۆڕی و دەڵێن پارە هەر ئەوەندەیە بۆ هەرێم" وەزیری ناوخۆ وای وت.
ئەوەلەکاتێکدایە محەمەد شیاع سوودانى سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ لە وەڵامى پەرلەمانتارێکى کورددا دەربارەى مووچە، ڕایگەیاند "لە پشکى هەرێم تەنیا ئەو ٧٦٣ ملیار دینارە ماوە کە بڕیارى لێ دراوە و هیچ گواستنەوەیەکیش (لە بودجەى وەبەرهێنان بۆ مووچە) لە پشکی هەرێمدا ناکرێ". سەرۆکوەزیرانى عێراق جەختى کردووەتەوە کە هەرێم بە ڕادەستکردنى داهاتى نانەوتىییەوە پابەند نەبووە.
لەبارەی پرسی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان، وەزیری ناوخۆ ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکانی بە "کێشەیەکی گەورە" ناوبرد، وتیشی "دەمەوێت بەڕوونی پێتان بڵێم، بەشێکی ئەو ئۆتۆمبێلانە لە خاڵە سنوورییەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە دەهێنرێنە ژوورەوە، بەشەکەی دیکەش کە جۆری کراونن و بە مەلیکە ناسراون، لە خوارووی عێراقەوە بە پارچە دەهێنرێنە ژوورەوە بۆ پارچەی یەدەگ، بەڵام بەداخەوە قاچاخچییەکانی پارێزگاکانی عێراق و سنوورەکانی گەرمیان و ناوچەکانی سلێمانی، ئەو ئۆتۆمێلانە بە قاچاخی دەهێننە ژوورەوە و خەڵکێکی دەست ڕۆیشتووش لە پشتیانەوەن، باجەکەشی خەڵکی فەقیر و هەژار دەیدەن".
ڕێبەر ئەحمەد وتیشی "ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان لەڕووی پتەویی و سەلامەتییەوە ئامادەنین و ئەگەر تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆبن سەرنشینان مەترسییان دەکەوێتە سەر، "بۆیە نەهێشتنیان لەسەر شەقامەکان شتێکی باشە، بەڵام شێوازەکەی ئەبێت بە ئالیەتێک بێت هەموومان لەسەری ڕێکبکەوین".