ڕاگەیەندراوێک لە هەسەدەوە دەربارەی بەرەکانی شەڕ

04-12-2024 11:55

پەرەگراف

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕەتی دەکاتەوە هیچ جووڵەیەکیان بە ئاراستەی ڕۆژهەڵاتی حەلەب کردبێت و ڕایدەگەیەنێت کە تەنیا لە مەنبج وەڵامی هێرشی "چەکدارانی بەکرێگیراوی تورکیای داگیرکەر"ـیان داوەتەوە و "ژمارەیەکی زۆر"ـیشیان لێ کوشتوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات له ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "لە هەندێک میدیادا هەواڵی جووڵە و پێشڕەویی هێزەکانمان بە ئاراستەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب بڵاو کراوەتەوە، جەخت دەکەینەوە کە ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ گۆڕانکارییەکیش لە نەخشەی دابەشکردنی هێزەکانماندا ڕووی نەداوە".

ناوەندى ڕاگەیاندنى هەسەدە دەشڵێت "بە پێچەوانەى ئەوەوە، هێزەکانمان لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا وەڵامى ژمارەیەک هێرشیان داوەتەوە کە لەلایەن چەکدارانى بەکرێگیراوى تورکیاى داگیرکەر کراوەتە سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى ئەنجوومەنى سەربازیى مەنبج و تەبقە".

بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى هەسەدە، لە ڕووبەڕووبوونەوەکانى ناوچەکانى سنوورى مەنبج "ژمارەیەکى زۆر" لەو چەکدارانە کوژراون و "تەرمى هەندێکیشیان کەوتووەتە دەستى شەڕڤانان".

مەبەستى هەسەدە لە "چەکدارانى بەکرێگیراوى تورکیاى داگیرکەر"، ئەو گرووپە چەکدارییانەى ئۆپۆزسیۆنى سووریان کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتى دەکرێن.

بەپێى ڕاگەیەندراوێکى پێشترى ناوەندى ڕاگەیاندنى هەسەدە کە ڕۆژى چوارشەممە ٤-١٢-٢٠٢٤ بڵاو کراوەتەوە، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەى توند لەنێوان شەڕڤانانى هەسەدە و گرووپە چەکدارییەکانى نزیک لە تورکیا، لە باشوورى مەنبج و ناوچەى دیر حافر بەڕێوە دەچێت.