پەرەگراف
سوودانى لە وەڵامى پەرلەمانتارێکى کورددا دەربارەى مووچە، ڕایگەیاند "لە پشکى هەرێم تەنیا ئەو ٧٦٣ ملیار دینارە ماوە کە بڕیارى لێ دراوە و هیچ گواستنەوەیەکیش (لە بودجەى وەبەرهێنان بۆ مووچە) لە پشکی هەرێمدا ناکرێ". سەرۆکوەزیرانى عێراق جەختى کردووەتەوە کە هەرێم بە ڕادەستکردنى داهاتى نانەوتىییەوە پایەند نەبووە.
سۆران عومەر، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، بە پەرەگرافى ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پەرلەماندا لەبارەى مووچەوە پرسیارى ئاراستەى محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق کردووە و سوودانى لە وەڵامدا وتوویەتی "مەسەلەی مووچە هیچ بابەتێکی سیاسی نییە، پێشتر هەرێم بە هیچ ماددە و بڕگەیەکی بودجەوە پابەند نەبووە، پاش دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵییش، ئێمە پابەندبووین و مووچەمان ناردووە".
سوودانى ڕایشیگەیاندووە "هەر بەپێی بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى، لە ڕێژەى ١٢.٦٧%ـى لە پشکی هەرێم، هەر ئەو ٧٦٣ ملیار دینارە ماوە کە بڕیارمان لێ داوە".
سەبارەت بە داواکاریى هەرێم بۆ گواستنەوەى پارە (لە پشکى بودجەى وەبەرهێنانى هەرێم بۆ مووچە)، سوودانى جەختى کردووەتەوە "هەرێم پشکى خۆى لە مووچە تەواو کردووە و هیچ گواستنەوەیەکیش لە پشکی هەرێمدا ناکرێ".
سۆران عومەر بۆ پەرەگراف وتیشى "سەرۆکوەزیرانى عێراق وتى کە هەرێم بە ڕادەستکردنى داهاتى نانەوتییەوە پابەند نەبووە و ناکۆکی زۆر لەسەر دەروازەی سنووری و باج و داهات هەیە، بەڵکو ئەم هەموارەی یاسای بودجە لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت، بابەتەکە بۆ ساڵی داهاتوو چارەسەر بکات".