قوباد تاڵەبانی: مەترسی جدی هەیە دۆخی سوریا سەقامگیری عێراق و کوردستانیش بخاتە مەترسییەوە
پەرەگراف
قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، مەترسی جدی هەیە پەرەسەندنی بارگرژییەکانی ناوچەکە و بە تایبەتیش دۆخی ئەم ڕۆژانەی وڵاتی سوریا زیاتر تەشەنە بستێنێت و دەرفەت بۆ شانە نووستووەکانی گروپە تیرۆریستییەکان بڕەخسێنێت سەقامگیری عێراق و کوردستانیش بخەنە مەترسییەوە.
ئەو وتانەی جێگری سەرۆکوەزیران لە دوو کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بووە لەگەڵ ئەلبروس کوتراشیڤ، باڵیۆزی روسیا و نیکۆلا فۆنتایا، باڵیۆزی نوێی ئیتاڵیا لە عێراق.
"جەختم کردەوە کە پێویستە لەم دۆخەدا هەموو لایەک هاوکار و پشتیوان بن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان و عێراق" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.
دەربارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی داوا دەکات "لە دوای دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، لایەنە سیاسییەکان هەوڵەکانیان چڕتر و خێراتر بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز و دادپەروەر کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستاندابێت و بتوانێت کێشە دارایی و خزمەتگوزارییەکان چارەسەر بکات".