‏16 پەرلەمانتار خۆیان بۆ سەرۆك و جێگر و سكرتێری پەرلەمان كاندید كرد؛ ‏كاندیدەكان كێن؟

02-12-2024 02:45
كاندیدەكانی سەرۆكی پەرلەمان

پەرەگراف

لە یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا 16 پەرلەمانتار خۆیان ‏بۆ پۆستەكانی سەرۆك و جێگر و سكرتێری پەرلەمان كاندید كرد، بەڵام بەهۆی ‏تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی، دەنگدان نەكرا و دانیشتنەكە هەڵدەگیرێت. ‏پەرلەمان ناتوانێت سەربەخۆ ئەو پۆستانە یەكلا بكاتەوە و پرسەكە بە دانوستانی ‏نێوان لایەنەكان دەسپێردرێت كە دیار نییە چەند دەخایەنێت.‏

پاش سوێندخواردنی كاندیدە دەرچووەكان لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی ‏كوردستاندا، سەرۆكی كاتیی پەرلەمان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستەكانی دەستەی ‏سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردەوە.‏

پێنج پەرلەمانتار خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و پێنج پەرلەمانتار خۆیان ‏بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان و شەش پەرلەمانتار خۆیان بۆ پۆستی سكرتێری ‏پەرلەمان كاندید كرد.‏

بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، هەریەك لە (ڤالا فەرید، هەڵگورد ‏نەجیب) لە فراكسیۆنی پارتی و (شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ، میران محەمەد) لە ‏فراكسیۆنی یەكێتی و (كوردەوان جەمال) لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ كاندیدن.‏

بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، هەریەك لە (بەهجەد عەلی، مەرد عەلی) لە ‏فراكسیۆنی پارتی و (ئازاد محەمەدئەمین، ئومێد عەلی) لە فراكسیۆنی یەكێتی و ‏‏(عەدنان حسێن) لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ هەن.‏

دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان كە دەبێت دەستەی سەرۆكایەتیی ‏پەرلەمانی تێدا هەڵببژێردرێت، نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستی پێ‌ كرد و پاش ‏سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، دانیشتنەكە چەند كاتژمێرێك ڕاگیرا بەهۆی ‏تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدەكانی دەستەی ‏سەرۆكایەتیی پەرلەمان.‏

بەهۆی ئەوەی كە زۆرێك لە پەرلەمانتاران پەرلەمانیان جێهێشتووە، ڕێژەی یاسایی ‏بۆ بەردەوامیی دانیشتنەكە تەواو نەبووە و دانیشتنەكە بە كراوەیی دەمێنێتەوە تا ‏حیزبەكان لە دانوستانەكانی نێوانیان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان ڕێك دەكەون.‏

فراكسیۆنی یەكگرتوو لە كۆبوونەوەكەدا ڕایانگەیاند "لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی ‏دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ پێكهێنانی حكومەت كراوە بە ‏یەك پاكێج، ئێمە بڕیارمان داوە دەنگ بە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ‏نادەین".‏