خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێکرد

02-12-2024 12:46

پەرەگراف

ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد، محەمەد سلێمان پەرلەمانتاری نەوەی نوێ وەک بە تەمەنترین پەرلەمانتار، دانیشتنەکە بەڕێوەدەبات و پەرلەمانتارانی سوێندی یاسایی دەخۆن.

سەرجەم فراکسیۆنەکان ئامادەی دانیشتنەکەن جگە لە دوو پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری کە حیزبەکەیان بڕیاری بایکۆتی پەرلەمانی داوە، بەڵام پەرلەمانتارێکی کۆمەڵ پابەندی بڕیاری حیزبەکەی نەبوو و چووە پەرلەمان.

هێرۆ عەتار، کاندیدی دەرچووی کۆمەڵی دادگەری لە بازنەی سلێمانی، پێچەوانەی بڕیاری حیزبەکەی بۆ نەچوونە پەرلەمان، بەشداری لە یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد.

هاوکات کۆمەڵ ئەو پەرلەمانتارەی لە ڕیزەکانی حیزبەکەی دەرکرد، کۆمەڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "ئێمە لەبەر تەزویر و دیزاینی دەنگ و کورسی بۆ چەند لایەنێک و بۆ ئەوەی نەبین بە بەشێک لەو پەرلەمانە دیزاینکراوە، بڕیاری بەشداری نەکردنمان دا. هەر کاندیدێکی لیستی کۆمەڵ پابەند نەبێ، ئەوا لە ڕیزەکانی کۆمەڵ دەردەکرێ".

ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵ دەشڵێت "هەر بۆیە ئەمڕۆ بەهۆی بەشداریکردنی هێرۆ عەتار لە کۆبوونەوەی پەرلەمانە دیزاینکراوەکە، بڕیارمان دا بە دەرکردنی ناوبراو لە ڕیزەکانی کۆمەڵی دادگەری".