سوودانى بۆ فەرماندە سەربازییەکان: چاودێریی جموجووڵی گرووپە تیرۆریستییەكان لەناو سووریا بکەن
پەرەگراف
کۆبوونەوەى بەپەلەى ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیى محەمەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق بەڕێوە چوو. بەهۆى مەترسیى گۆڕانکارییەکانى سووریا، سوودانى فەرمانى کرد کە فەرماندە سەربازییەکان "بە شێوەیەکى مەیدانى لە شوێنى ئەرکەکانیان بن" و "بە وردی چاودێریی جموجووڵی گرووپە تیرۆریستییەكان لەناو سووریا بکەن".
یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، لەبارەى ناوەرۆکى کۆبوونەوەکەوە ڕایگەیاند "كۆی بارودۆخی ئەمنی و پێشهاتە نوێیەكانی ناوچەكە تاوتوێ کران، بەتایبەت ئەو ڕووداوانەی لە سووریا ڕوو دەدەن".
فەرماندە سەربازییەکانى عێراق لەبارەى "ڕووداوەکانى سووریا و دۆخی ناوچەكان و ئەو ئامادەكارییانەی لە پشتێنەی سنووریی نێوان عێراق و سووریا گیراونەتەبەر" زانیاریى بە سوودانى داوە.
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەڵێت "محەمەد شیاع سوودانى جەختى لەسەر توندووتۆڵكردنی بەردەوامی سنوورەكان و چڕكردنەوەی هەوڵە هەواڵگرییەكان كردەوە، لەگەڵ چاودێریكردنی جموجووڵی گرووپە تیرۆرستییەكان لەناو خاكی سووریا".
"فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان فەرمانی كرد سەرجەم فەرماندە سەربازییەكان بەشێوەیەكی مەیدانی لە شوێنی بەرپرسیارێتییان بن، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەكان"، یەحیا ڕەسووڵ وا دەڵێت.