پەرەگراف
هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) بانگەوازێک ئاراستەى گەلانى سووریا دەکات بۆ چەکهەڵگرتنى گشتى و بەرەنگاربوونەوەى ئەو هێرشە بەرفراوانەى لەلایەن گرووپە چەکدارییەکانى سووریاوە دەکرێتە سەر ناوچەکانیان. هەسەدە دەڵێت "ئەم هێرشە ڕاستەوخۆ لەلایەن داگیرکەری تورکەوە بەڕێوە دەبرێت و ئامانجیشی داگیرکردنی تەواوی خاکی سووریایە، بەڵام بە تایبەتی هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کردووەتە ئامانج".
بانگەوازەکەى هەسەدە پاش ئەوە دێت کە لە ڕۆژى چوارشەممەى ڕابردووەوە گرووپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکانى سووریا کە نزیکن لە تورکیاوە، هێرشیان بۆ سەر ژمارەیەک ناوچە دەست پێ کرد و شارى حەلەبیان لەژێر کۆنترۆڵى سوپاى سووریا دەرهێنا، هاوکات دەستیان بە هێرش بۆ سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هەسەدە لە حەلەب و عیفرین کردووە، بەتایبەت دەیانەوێت ناوچەى تەلڕەفعەت کۆنترۆڵ بکەن.
هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێکى فەرمیدا دەڵێت "لەنێو ئەم هەفتەیەدا هێرشێکی زۆر بەرفراوان دەقەومێت و گۆڕانکاریی بنەڕەتی ڕوو دەدەن. هێزەکانی ڕژێمی دیمەشق لە زۆر هەرێم و بەتایبەت لە حەلەب شکاون. بێگومان ئەم هێرشە ڕاستەوخۆ لەلایەن داگیرکەری تورکەوە بەڕێوەدەبرێت و ئامانجیشی داگیرکردنی تەواوی خاکی سوریایە. بەڵام بە تایبەتی هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کردووەتە ئامانج".
هەسەدە دەڵێت "ئەمە چەندین ڕۆژە شەڕڤانەکانمان لە بەرەی مەنبەج و بەرەی ڕۆژئاوای فورات، بەرخۆدان و شەڕێکی مەزن و بێ وێنە دژی هێرشەکان دەکەن. هەروەها پلانێکی قڕکردنی بەرفراوان لە دژی گەلەکەمان لە شەهبا و حەلەب هەیە".
هێزەکانى سووریاى دیموکرات دڵنیایى دەدات کە هەسەدە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە "بەرپرسیارێتیی مێژوویی خۆی جێبەجێ دەکات" و دەڵێت "باجەکەی هەرچییەک بێت، هەسەدە بەرامبەر ئەم هێرشانە دەوەستێتەوە و بە ئەرکە مێژووییەکەی بۆ پاراستنی هەرێمەکە و گەلی سووریا هەڵدەستێت، لەم ڕووەوە با کەس گومانی نەبێت".
"بەڵام ئەم شەڕە، شەڕێکی مێژووییە و دەبێت گەلەکەمان بە شێوەیەکی چالاک لەم شەڕەدا جێی خۆیان بگرن. دەبێت لەسەر بناغەی سەفەربەریی گشتی بجووڵێتەوە و لەگەڵ هێزەکانی پاراستنی خۆیان قەسەدە بێت یان ئاسایش، کاری هاوبەش بکەن"، هێزەکانى سووریاى دیموکرات وا دەڵێت.
هەسەدە بەتایبەت بانگەواز ئاراستەى "هەموو گەنجانی کورد و عەرەب و ئاشوور و ئەرمەن و تورکمان و جەرکەسی" دەکات، کە "بە ئەرکی مێژوویی خۆیان هەستن و لە سەنگەرەکانی بەرخۆدان جێ بگرن و بەشداریی ڕیزەکانی هەسەدە و یەپەژە_یەپەگە بکەن".
"ئێمە دەڵێین ئەمە شەڕی شەرەف و مرۆڤایەتییە، شەڕی شکۆی گەلانە، شەڕی هەموو بەها و بنەماکانی مرۆڤایەتی و ئازادییە. شەڕی ڕووناکی و سەرفرازییە دژی تاریکیی زیهنیەتی داعش و ئەردۆگانییەکان. شەڕی سەرکەوتنی مەزن و مسۆگەرکردنی ژیانی هاوبەشی خوشک و برایەتیی گەلانە"، هەسەدە وا دەڵێت.