ئۆپۆزسیۆنى سووریا گەیشتە شارى حەما؛ عێراق سنوورەکانى لەگەڵ سووریا داخست و وەزیرى دەرەوەى ئێران دێتە ناوچەکە

30-11-2024 08:34

پەرەگراف

هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن نیوەی شارێكی گەورەی دیكەی سووریایان كۆنترۆڵ كرد و پاشەكشەی سوپای سووریا بەردەوامە. لە ژمارەیەك شاریش خۆپیشاندان دژی حكومەتی سووریا سەری هەڵداوە. هاوكات عێراق بە تەواوی سنوورەكانی لەگەڵ سووریا داخست و وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بۆ تاوتوێی پێشهاتەكانی سووریا سبەینێ دەگاتە دیمەشق و پاشان دەچێتە ئەنقەرە. بەشار ئەسەدیش لە ڕووسیاوە گەڕایەوە سووریا.

هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دوای كۆنترۆڵكردنی بەشێكی زۆری شای حەلەب، بەرەو شاری حەما پێشڕەوییان كرد و لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا گەیشتە شارەكە. هێزەكانی سوپای سووریا بەبێ ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوامە لە پاشەكشە.

شاری حەما چوارەم گەورەترین شاری سووریایە، بە دووریی ٢١٠ كیلۆمەتر دەكەوێتە باكووری دیمەشقی پایتەختی سووریا.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەركردایەتیی دەستەی تەحریری شام هێرشیان بۆ سەر ناوچەكانی سنووری پارێزگای حەما دەست پێ كرد. سوپای سووریا بە شێوەیەكی زۆر خێرا پاشەكشەیان كرد. لە ماوەیەكی زۆر كورتدا دوای كۆنترۆڵكردنی چەندین شار و شارۆچكە، هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ئەمشەو گەیشتنە ناوەندی پارێزگاكە كە شاری حەمایە و نیوەى شارەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.

هاوكات لە شاری حەلەب شەڕ و پێكدادان بەردەوامە و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا نزیكەی هەموو شارەكەیان كۆنترۆڵ كردووە. فڕۆكەخانەی حەلەب كە پاش كشانەوەی سوپای سووریا بۆ چەند كاتژێرێك كەوتە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سووریای دیموكرات، لە ئێستادا لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریادایە.

هەروەها لە شارەكانی درعا، قەلەموون، حمس و سوەیدا خۆپیشاندان دژی حكومەتی سووریا دەستی پێ كردووە، لە هەندێك لەو شارانە ڕووبەڕووبوونەوەی چەكدارییش ڕووی داوە.

بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا، پاش سەفەرێكی پێشتر ڕانەگەیەندراو بۆ ڕووسیا، ئەمشەو گەڕایەوە دیمەشقی پایتەختی سووریا.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتە نوێیەكانی سووریا، سبەینێ دەگاتە دیمەشقی پایتەختی سووریا. عێراقچی دواتر سەردانی ئەنقەرە دەكات و لەگەڵ هاوتا توركییەكەی كۆدەبێتەوە. بڕیارە سەردانی وڵاتی دیكەش بكات.

ئەمشەویش قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، ڕایگەیاند كە عێراق سنوورەكانی لەگەڵ سووریا بە تەواوەتی داخستووە. بڕیارەكە بە فەرمانی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بووە.

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی عێراق دەڵێت "هێزە ئەمنییەكان دەتوانن عێراق بپارێزن و بۆ هەموو ئاڵنگارییەك ئامادەن. فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، پابەندی پاراستنی عێراقن".