هەسەدە فڕۆکەخانەی حەلەبی کۆنترۆڵ کرد و دەڵێت: بۆ پاراستنی خەڵک و ناوچەکانمان دەستوەردان دەکەین

30-11-2024 02:55
ئەمڕۆ 30-11-2024. کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەی حەلەب لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە

پەرەگراف

پاشەکشەی سوپای سووریا لە ناوچەکانی حەلەب لە بەرامبەر دەستەی تەحریری شام بەردەوامە. هێزەکانی سووریای دیموکرات دەستی بە جووڵە کرد و لە هەنگاوێکی گرنگدا فڕۆکەخانەی گەورەی حەلەبی کۆنترۆڵ کرد و دەڵێت "دۆخەکە هەستیارە. بۆ پاراستنی خەڵک و ناوچەکانمان دەستوەردان دەکەین".

شەڕی سەختی نێوان سوپای سووریا و دەستەی تەحریری شام کە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی سووریایە، لە شاری حەلەب بەردەوامە. دەستەی تەحریری شام دەستی بەسەر بەشێکی زۆر لە ڕۆژئاوا و باشووری شاری حەلەبدا گرتووە. سوپای سووریا لە باشوور و ڕۆژئاوای شارەکە لە پاشەکشەدایە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ دەستی بە جووڵەی سەربازی کرد و بەشێک لە باکوور و ڕۆژئاوای شارەکەی کۆنترۆڵ کرد.

هەسەدە لە هەنگاوێکی گرنگدا کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی گەورەی حەلەبی کرد و ئاڵای خۆی لەسەر هەڵدا، دوای ئەوەی هێزەکانی سوپای سووریا لە ناوچەکە پاشەکشەیان کرد.

کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەی حەلەب و بەشێک لە ناوچەکانی باکووری حەلەب لەلایەن هەسەدەوە، بەبێ ڕووبەڕووبوونەوە بووە. سوپای سووریا بەهۆی پاشەکشەی بەردەوامی، ناچار بوو ئەو ناوچانە ڕادەستی هەسەدە بکات.

جووڵەی هێزەکانی هەسەدە پاش ئەوە هات کە شەوی ڕابردوو فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ڕایگەیاند "پێشهاتەکانی باکووری ڕۆژئاوای سووریا هەستیارن و بە چڕی چاودێریی دۆخەکە دەکەین".

وتەبێژی هەسەدە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس وتیشی "کاری لەپێشینە و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و نیشتمانیمان پاراستنی خەڵک و ناوچەکانمانە، بۆیە لە کاتی پێویستدا دەستوەردان بۆ پاراستنی خەڵک و خاکەکەمان دەکەین".

تا ئێستا هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەستەی تەحریری شام ڕووی نەداوە.