پارتی و یەکێتی لە سلێمانی لە کۆبوونەوەدان

30-11-2024 01:10

پەرەگراف

شاندی پارتی و یەکێتی لە بارەگای یەکێتی لە سلێمانی لە کۆبوونەوەدان بۆ گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم.

ئەوە یەکەم کۆبوونەوەی ئەو دوو حیزبەیە لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنەکەن، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا پارتی و یەکێتی بەجیا سەردانی حیزبەکانی دیکەیان کرد بۆ هەمان مەبەست.

هەرێمی کوردستان خۆی ئامادە دەکات بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن جارێکی دیکە هەژموونی پارتی و یەکێتی چەسپاندەوە، سەرباری ئەوەش جارێکی دیکە ڕکابەریی لەمێژینەی ئەو دوو حزبەی دەرخستەوە کە لەگەڵئەوەی حوکمڕانییان گرێدراوی یەکە، بەڵام دەکرێت سەقامگیریی هاوپەیمانییەکەیان بکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

پارتی جارێکی دیکە هەڵوێستی ڕوونی پیشاندایەوە کە سوورە لەسەر ئەوەی مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کابینەی نۆیەم سەرۆکایەتی کابینەی دەیەمیش بکاتەوە و ئەو پۆستە لای خودی مەسروور بارزانی و پارتی بێت. شاندی دانوستانکاری پارتی 27ی نۆڤەمبەر دەستی بە گفتۆگۆکان کرد بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.

پارتی و یەکێتی هەریەکەیان هێزی چەکدار و سیستمی دارایی تایبەت بە خۆیان هەیە کە بەهۆیەوە هەریەکەیان ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافییان خستووتەوە ژێر هەژموونی خۆیانەوە، پارتی پارێزگای هەولێر و دهۆکی خستووەتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و یەكێتیش پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەی کۆنتڕۆڵکردووە، ئەم دابەشبوونە ناوچەییەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان وای کردووە پێکهێنانی حکومەت بەبێ بەشداری هەردوو حزبەکە ئەستەم بێت جا کورسی پەرلەمانی زۆریان هەبێت یاخود کەم.

وێنایەکی ئەنجامی هەڵبژاردن

پارتی بە بەدەستهێنانی 39 کورسی گەورەترین براوەی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانە کە لە 20ی ئۆکتۆبەری 2024دا ئەنجامدرا. یەکێتی لە دوای ئەو بە بەدەستهێنانی 23 کورسی پلەی دووەمی گرتووە. پارتەکانی دیکە وەکو نەوەی نوێ کە خاوەنی 15 کورسییە، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش کە 7 کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ کۆمەڵێک پارتی دیکە بە هەموویان 38 کورسییان بەدەستهێناوە. 5 کورسییەکەی کەمینەکان کە بۆ پێکهاتەی مەسیحی و تورکمان تەرخان کراوە دابەشبوون بەسەر پارتی و یەکێتیدا، سێ کورسی لەپاڵ پارتیدان و دوو کورسییەکەی تریش پاڵیان داوە بە یەکێتییەوە.

بۆ پێکهێنانی حکومەت زۆرینەیەکی سادەی 51 کورسیی پێوێستە، بەڵام ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان  پەرلەمانێکی زۆر پارچەپارچە و دابەشبووەو کۆکردنەوەی ئەو زۆرینەیە ئاسان نییە، ئەمەش وای لە پارتی کردووە کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە بەپێی ژمارەی کورسی ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە ببێتەوە لە پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی.

سەرباری ئەوەش بەرلە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، حەوت حزبی ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستان جگەلە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان بەدڵ نییە، ئەنجامەکان ڕەت دەکەنەوەو تۆمەتی ساختەکاری و تەزویر دەدەنە پاڵ هەڵبژاردنەکە و بە ‌"هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو" ناوی دەبەن. تەنانەت کۆمەڵی دادگەری بڕیاری بایکۆتی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانی داوە. بەڵام کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە.

ناوهێنانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە "هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو" کاری پارتی قورس کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەت، چونکە جگە لە کۆمەڵ کە هەر بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنیش هەر لەڕوویان نایەت بەشداری حکومەت بکەن ئەگەر دڵیشیان لێبدات بۆ بەشداری لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

حکومەتی هاوپەیمانی

سەرەڕای ڕکابەرییەکانیان، سیناریۆی هەرە دیار بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، هاوپەیمانی نێوان پارتی و یەکێتییە کە پێکەوە 67 کورسییان بەدەستهێناوە بە کورسی پێکهاتەکانیشەوە، پارتی 39 کورسی بەدەستهێناوە لەگەڵ سێ کورسی پێکهاتەکان کە لایەنگری پارتی دەکەن، ژمارەی کورسییەکانی پارتی دەبێتە 42، هەروەها یەکێتی خاوەنی 23 کورسییە لەگەڵ دوو کورسی پێکهاتەکان کە پشتگیری ڕەهای یەكێتی دەکەن کورسییەکانی یەکێتی دەبێتە 25 کورسی. هیچ کام لە یەکێتی و پارتی لە ئەرزی واقیعدا ناتوانن بە تەنها و بە پشتگوێخستنی یەکتری حکومەت پێکبهێنن چونکە لایەنەکانی دیکە ئۆپۆزسیۆنبوون یاخود بایکۆتیان هەڵبژاردووە جگەلە نەوەی نوێ کە مەرجی قورسی هەیە بۆ بەشداری لە حکومەت.