وەزارەتی دارایی هەرێم چاوەڕێیە ئەمڕۆ مووچەی مانگی ١٠ لە بەغداوە بگات

28-11-2024 11:16

پەرەگراف

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، چاوەڕێن ئەمڕۆ بەغداد مووچەی مانگی ١٠ ڕەوانە بکات، "ئەگەر کێشەو بیانووی دیکە نەیەتەپێشەوە".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، بە گەیشتنی پارەی مووچە، ڕاستەوخۆ دەستدەکرێت بە دابەشکردنی و خشتەی مووچە ئامادەیە.

هاوکات شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەغدادن بۆ خێراکردنی کارەکانی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ١١ی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ ٤١ ڕۆژە مووچەی مانگی ٩ دابەشکراوەو لەمانگی ١٢ نزیک دەبینەوەو مووچەخۆرانی هەرێم چاوەڕێی مووچەی مانگی ١٠ دەکەن.

‏وەزیری دارایی عێراق لەبارەی ‏مووچەی مانگەكانی 10، 11 و 12ـی مووچەخۆرانی هەرێم بڕیارێكی ‏نوێی داوە و ئامادەیە بۆ هەر مانگێكیان 760 ملیار دینار بنێرێت، بەڵام بە مەرجی ڕادەستكردنی داهاتی ناوخۆ.‏

مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٥٠ هەزارن بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق مووچەکانیان لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە لە بەرامبەر چەند مەرج و پابەندییەک لەسەر هەرێم، بەڵام بەهۆی کێشە لە لیستی مووچەو ناکۆکییەکانی نێوان هەولێرو بەغداد، مووچەی هەرێم تووشی گرفت دەبێت و دوادەکەوێت.