ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم هەڵوێستى لەبارەى ئەنجامى سەرژمێرى و مووچەوە ڕاگەیاند

27-11-2024 05:49

پەرەگراف

ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە بۆ ساڵی دارایى 2025، ڕێژەی نوێی ژمارەی دانیشتووان بکرێتە بنەما بۆ دیارکردنی پشکی هەرێم لە گشت شایستە دەستووریيەکانی خۆی لە حکومەتی فیدڕاڵ. سەبارەت بە مووچەیش دەڵێت "حکومەتی هەرێم لە هەوڵەکانی بەردەوامە و پێویستە وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت".

پاش کۆبوونەوەى ئەمڕۆى بە سەرۆکایەتیى مەسروور بارزانى، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "پێویستە ڕێژەی نوێى دانیشتووانی هەرێم، بکرێتە بنەما بۆ ژمارەی بەشداریی نوێنەرایەتی کورد لە دامەزراوە دەستووریەکانی فیدڕاڵ و دیاریکردنی بەشە بودجە و مووچەی هەرێم، سەرەڕای بەشی هەرێم لە پلەی وەزیفیی تەرخانکراو و خەرجی و تەرخانکراویی دارایی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە".

بەپێى ئەنجامى سەرەتایی سەرژمێریى گشتى لە عێراق، ڕێژەى دانیشتووانى هەرێم زیاتر لە ١٤%ـى کۆى دانیشتووانى عێراق، بەڵام لەناو یاساى بودجەى عێراقدا پشکى هەرێم بە ١٣.٦٧% دیارى کراوە.

ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم "نیگەران"ـی خۆی دەربڕیوە لە "هەژمارنەکردنی سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی سنووری هەرێمی کوردستان لە قەزای شێخان و زلکان و کەڵەکچی و ناحیەی فایدە و بەشێک لە قەزای سێمێل و قەزاکانی بەردەڕەش و خەبات و مەخموور لە سەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم جەختى لەوە کردووەتەوە کە کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم".

دەشڵێت "هەروەک لە دوا کۆوبوونەوەی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیش، جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە بابەتی مووچە، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی نەکرێت و وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەک شایستەی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر وەزیفەکانیان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکە".