کۆمپانیای نەوتی بەریتانی چاوی لە ڕێککەوتنە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی کەرکوک

26-11-2024 12:28

پەرەگراف

کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم چاوی لە ڕێككەوتنێكە بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی نەوتی كەركوك لەسەروبەندی هیوایەک دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە.

مۆرای ئۆچینکلۆس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم(بی پی) ڕایگەیاند، ئامانجی کۆمپانیاكەیان ئەوەیە لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا ڕێککەوتنێک بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی گەورەی نەوتی کەرکوک لە عێراق واژۆبکات. ئەوە لەکاتێکدایە کۆمپانیاکە بەنیازە کارەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چڕ بکاتەوە.

ئەو ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوە دوای ئەوە دێت لە مانگی ئابدا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان بریتیش پێترۆلیۆم و حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق واژۆ کرا. یاداشتنامەکە پلانێکە بۆ پەرەپێدانەوەی کێڵگەی نەوت کەرکوک و ناوچەکانی دەورووبەری. ئەو کێڵگەیە کە لە ئێستادا نزیکەی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت، سەرچاوە و بوارێکی دەوڵەمەندی هەیە بۆ گەشەکردن لە چالاکییەکانی غازی سروشتی و وزەی خۆر وفراوانکردن.

ئۆچینکلۆس  گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی فەرمی تا مانگی شوبات، وتی: ئێمە زۆر دڵخۆشین بەو دەرفەتە. هەروەها وتی"پێنج ناوچەی دەوڵەمەند بە یەدەگی نەوت لە کێڵگەکەدا هەیە کە خۆی دەبینێتەوە لە 20 ملیار بەرمیل نەوت، هەلومەرج و باردۆخ لە ئێستادا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەبارە، حکومەتی عێراق کە ئامادەیە لەگەڵ ئێمەدا لە دۆخێکی ئەمنی زۆر سەقامگیرتردا کاربکات".

ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکە ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی فراوانی کارەکانی بریتیش پێترۆلیۆم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم لە ئێستادا بەشێوەیەکی سەرەکی کار لە کێڵگەی نەوتی ڕومێلە لە بەسرە دەکات کە ئەو کێڵگەیە نزیکەی یەک لەسەر سێی بەرهەمی نەوتی خاوی عێراق بەرهەم دەهێنێت.

هاوکات هیواکان لە زیادبووندایە کە هەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگەی تورکیاوە لە سەرەتای ساڵی نوێدا دەست پێبکاتەوە. هەناردەی نەوتی کەرکوک و هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣ەوە ڕاگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی عێراق لە ناکۆکی لەگەڵ تورکیا لەسەر ڕێککەوتنەکانی گواستنەوەی نەوت.

عێراق لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سەقامگیرییەکی ڕێژەیی سیاسی بەخۆیەوە بینیوە، کە زەمینەیەکی لەباری بۆ وەبەرهێنانی بیانی ڕەخساندووە. ئەگەر ڕێککەوتنەکەی بریتیش پێترۆلیۆم یەکلایی ببێتەوە، ئەوا دەتوانێت بەرهەمهێنانی نەوت و ژێرخانی وزەی عێراق زۆر باشتر بکات.