پەرەگراف
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەنجامی سەرەتایی سەرژمێریی گشتیی ڕاگەیاند. بەپێی ئەنجامەكە ژمارەی دانیشتووانی عێراق 45 ملیۆن كەسی تێپەڕاند و پێچەوانەی بۆچوونی باوی ناو كۆمەڵگایش ژمارەی ڕەگەزی نێر لە مێ زیاترە.
سوودانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا ڕایگەیاند "ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتە 45 ملیۆن و 407 هەزار و 890 كەس، كە 70.3٪ـی نیشتەجێی شارەكان و 29.7٪ـیان نیشتەجێی گوندەكانن".
بەپێی ئەو داتایانەی سەرژمێری كە سەرۆكوەزیرانی عێراق خستیە ڕوو، ژمارەی خێزان لە عێراق حەوت ملیۆن و 898 هەزار و 588 خێزانە، ژمارەی ناوەندیی ئەندامانی خێزان 5.3 كەسە.
لە عێراقدا ژمارەی ڕەگەزی نێر 22 ملیۆن و 784 هەزار و 62 كەسە، كە بە ڕێژە دەكاتە 50.1٪ـی دانیشتووان، لە كاتێكدا ژمارەی ڕەگەزی مێ 22 ملیۆن و 623 هەزار و 833 كەسە، كە دەكاتە %49.8ـی دانیشتووان. ئەمەش پێچەوانەی ئەو بیركردنەوە باوەی ناو كۆمەڵگەی عێراقییە كە پێی وا بووە ژمارەی ڕەگەزی مێ زۆر لە نێر زیاترە.