پەرەگراف
بەڕێوەبەرایەتیى هاتووچۆی هەولێر جووڵەى ئۆتۆمبێلى بێ سەرەتاى لەسەر شەقامەکان قەدەغە کرد و ڕایدەگەیەنێت "هەر شۆفێرێک سەرپێچى بکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت". دوو بڕیارى دیکەشى تایبەت بە (ماتۆڕسکسیل و ئۆتۆمبێلی قورس) دەرکردووە و دەڵێت "بڕیارەکان لەپێناو کەمکردنەوەی جەنجاڵی و ڕووداوی هاتووچۆیە".
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر لە ڕاگەیاندروێکدا دەڵێت "لەپێناو ڕێکخستنی شەقام و کەمکردنەوەی جەنجاڵی و ڕووداوی هاتووچۆ لە شەقامەکان و نەهێشتنی حاڵەتی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا"، سێ بڕیارى دەرکردووە.
بڕیارى یەکەم "قەدەغەکردنی هاتووچۆی پایسکیل و ماتۆڕسیکل بە هەردوو جۆری دووتایە و سێ تایە"یە لەسەر شەقامی خێرای ١٢٠ و ١٥٠مەتریى هەولێر.
بڕیارى دووەمیش دەڵێت "قەدەغەبوونی هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی قورس کە لە بواری بیناسازی و کشتوکاڵی بەکار دەهێنرێن، کە خێراییەکانیان لە ٨٠کم/لە کتژمێرێکدا کەمترە، لە هەردوو شەقامی ١٢٠م و ١٥٠م خێرا". هاتووچۆى هەولێر دەڵێت "ئەو ئۆتۆمبێلانە دەبێت لەسەر فلات بگوازرێنەوە" .
لە بڕیارى سێیەمى بەڕێوەبەرایەتیى هاتووچۆی هەولێردا هاتووە "قەدەغەبوونی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە سەرجەم شەقامەکانی شاری هەولێر" .
هاتووچۆى هەولێر ڕایدەگەیەنێت "هەر شوفێرێک سەرپێچیی ئەم بڕیارانە بکات، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر و ئۆتۆمبێل یان ماتۆڕسکیلەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت".