پەرەگراف
وەزارەتى دارایى و ئابووریى هەرێم بە گشتاندنێک مەرجەکانى بەهەمیشەییکردنى فەرمانبەرانى گرێبەستى دەرکرد. بەپێى مەرجەکان دەبێت فەرمانبەر سێ ساڵ خزمەتى گرێبەستى هەبێت و لە کاتى بوون بە گرێبەستیش دەبێت فەرمانگەکەى پێویستى بە ڕاژەکەى هەبێت. بەپێى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران و گشتاندنەکەى وەزارەتى داراییش، بەهەمیشەییکردن بەشێک لە فەرمانبەرانى گرێبەست ناگرێیتەوە.
پاش بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم بۆ بەهەمیشەییکردنى فەرمانبەرانى گرێبەست ٢٥-٩-٢٠٢٤، ڕۆژى ٢٢-١٠-٢٠٢٤، ئامانج ڕەحیم، سکرتێرى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێم، نووسراوێکى ئاراستەى وەزارەتى دارایى کرد بۆ دەستپێکردنى ڕێکارەکانى جێبەجێکردنى بڕیارەکە. ئەمڕۆیش گشتاندنێک بە واژووى ئاوات جەناب نوورى، وەزیرى دارایى و ئابووریى هەرێم، بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکە دەرچووە کە ١٤ خاڵ لەخۆ دەگرێت.
بەپێى خاڵى یەکەمى گشتاندنەکە، بەهەمیشەییکردن سەرجەم فەرمانبەرانى گرێبەست ناگرێتەوە، بەڵکو "سروشتى ئەو خزمەتگوزارییانەى فەرمانبەرى گرێبەست ئەنجامى دەدات، بوار بە بەهەمیشەییکردنى دەدات". وەکوو لەو خاڵەدا هاتووە، "سروشتى کار"ـى بەشێک لە فەرمانبەرانى گرێبەست "وا دەخوازێت بە گرێبەست بمێننەوە".
پاش کۆبوونەوەى لە ٢٥-٩-٢٠٢٤، ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم ڕایگەیاند "بە شێوەیەکی مەبدەئی" بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند کردووە، بەڵام "بە هەمان ئەو مەرج و میکانیزم و ڕێکارانەی کە حکومەتی فیدڕاڵ لەمبارەیەوە پەیڕەویان دەکات و بەگوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان".
دەقى گشتاندنى وەزارەتى دارایى بۆ بەهەمیشەییکردنى فەرمانبەرانى گرێبەست:


