پەرەگراف
کەسێک لە بریندارەکانى ڕووداوى تەقەکردنەکەى مانگێک لەمەوبەرى بنکەى پۆلیسى کوردسات گیانى لەدەست دا. کەسوکارەکەى دەڵێن کە ئەمە دووەم کەسى بنەماڵەکەیانە لەلایەن لایەنى بەرامبەرەوە دەکوژرێت. لێدوانێکى وتەبێژى پۆلیسى سلێمانیش ڕەت دەکەنەوە کە وتى "ڕووداوەکە لەبەردەم بنکەى پۆلیسدا ڕووى داوە" و دەڵێن "کوڕەکەمان لەناو بنکەى پۆلیسدا کوژراوە. تەقەکەرەکە پلەدارى سەربازییە و ڕێگەى پێ دراوە چەک بباتە ناو بنکەى پۆلیسەوە".
ڕۆژى ٢٤-١٠-٢٠٢٤، ڕووداوێکى تەقەکردن لە بنکەى پۆلیسى کوردستان ڕووى دا و چەند کەسێک بریندار بوون. سەرکەوت محەمەد، وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى، ئەوکات وتى "ڕووداوەکە لەبەردەم بنکەى پۆلیس ڕووى داوە. ئەفسەرێک و پۆلیسێک بریندار بوون و کەسێکى مەدەنیش بریندارە کە تەندروستیى هەرسێکیان باشە".
بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو کەسە سەرەکییەى تەقەى لێ کرابوو مەدەنى نەبوو و "پێشمەرگەى لیوارى یەکى سەرۆکایەتیى کۆمار"ـە و برینەکەى سەخت بوو. دواى ٢٨ ڕۆژ بێهۆشى لە نەخۆشخانە، ئەمڕۆ کۆچى دوایى کرد.
کەسوکارى کوژراوەکە بۆ پیشاندانى ناڕەزایەتى و نیگەرانى، تەرمى کوڕەکەیان بردە دەباشان. داواشیان لە بافڵ تاڵەبانى و قوباد تاڵەبانى کرد کە "بۆ ئەم کەیسە بێنە سەر خەت و چارەسەرێکى بکەن".
کەسوکارى کوژراوەکان دەڵێن "ئەمە دوو کوڕمان کوژرا کە هەردووکیان پێشمەرگەى ماڵى مام جەلال بوون، بە دەستى دوو کەس کوژراون کە براى ڕائید فەرهاد ڕەحیم، بەرپرسى ئیدارەى لیواى یەک، عەمید فەرهاد ڕایسپاردوون بۆ ئەو کارە و بە ناوى لیواى یەکەوە دەیکەن".
کێشەى ئەم دوو بنەماڵەیە لەسەر زەویوزارە و وەکوو خۆیان باسى دەکەن، لە ٨-١٢-٢٠٢٠ـدا سەرى هەڵداوە، دواى ئەوەى "برایەکى عەمید فەرهاد، کوڕێکى کوشتین بە ناوى (یادگار ساڵح) کە پێشمەرگەى لیواى یەکى سەرۆکایەتیى کۆمار بوو".
ئاموزایەکى کوژراوەکەى ئەمڕۆ دەڵێت "عەمید فەرهاد بە ماددەى ٤٠٦ لەلایەن دادگاى شارباژێڕەوە فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرچووە، بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بەردەم دادوەر".