پەرەگراف
جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بە پەرەگرافى ڕاگەیاند "ئەمڕۆ ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆن کۆبووەوە و ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستانى پەسەند کرد".
بەزوویى بڕیارى پەسەندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردن و ناوى ١٠٠ پەرلەمانتارى دەرچوو، لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ئاراستەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان دەکرێت، داوا دەکرێت بەزوویى یەکەم کۆبوونەوەى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان ئەنجام بدرێت و کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێم پێک بهێنرێت.
پەسەندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان پاش ئەوە دێت کە ڕۆژى ١٨-١١-٢٠٢٤ دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان "سەرجەم تانەكان"ـی كاندید و حیزبەكانی لەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان "ڕەت كردەوە".
بە كۆی گشتی ٤١ تانە لەسەر هەڵابژاردنەكە تۆمار كرا، زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی تۆمار كرا كە ٢٥ تانە بوو، پاشان هەولێر ١٢ تانە و دهۆك ٣ تانە و هەڵەبجە ١ تانە. بەڵام دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان سەرەتا ٣٨ تانەیان و دواتریش سێ تانەكەی دیكەی ڕەت كردەوە.
پارتى دیموکرات کە براوەى یەکەمى هەڵبژاردنە و بۆ پێکهێنانى حکومەت ڕادەسپێردرێت، پێشتر لەسەر زارى سەرۆک و بەرپرسانى باڵایەوە ڕایگەیاندووە کە بۆ گفتوگۆى پێکهێنانى حکومەت سەردانى "سەرجەم لایەنەکان" دەکەن و دەیانەوێت حکومەتێکى "بنکەفراوان" پێک بهێنن.
دواى ڕەتکردنەوەى تانەکان، بەشێک لە لایەنە ناڕازییەکان نیگەرانییان لەبارەى بڕیارەکەى دەستەى دادوەریى هەڵبژاردنەکانەوە دەربڕى و ڕایانگەیاند کە بەڵگەى پێویستیان لەبارەى ئەنجامدانى "ساختەکارى"یەوە پێشکەش کردووە.
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسى مەکتەبى هەڵبژاردن و ئامارى کۆمەڵى دادگەرى، بۆ میدیاى حیزبەکەى وتى "هەزاران بەڵگەى بوونى ساختەکاریمان خستووەتە ڕوو، بەتایبەت بوونى دەنگى دروستى کۆمەڵ کە بە پووچەڵ ئەژمار کراوە، بە پێچەوانەشەوە بوونى دەنگى پووچەڵ کە بە دروست بۆ لایەنى دیکە ئەژمار کراوە".
كۆمیسیۆن ڕەتی دەكاتەوە ساختەكاری لە هەڵبژاردندا ئەنجام درابێت و سەرۆكی كۆمیسیۆن لە كاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی وتی "بۆ یەكەم جارە لە مێژووی هەموو هەڵبژاردنەكانی عێراقدا داتا و زانیارییەكانی ڕۆژی دەنگدان بە هاردێك بە لایەنەكان دراوەتەوە، كە تەنانەت وێنەی وەرەقەی دەنگدانیشی تێدایە". دەشڵێت "باشترین هەڵبژاردن بووە لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە تا ئەمڕۆ ئەنجام درابێت".
هەندێک لە لایەنەکان باس لە ئەنجامدانی ساختەکاری لە ڕێگەی ئەو سۆفتوێرەوە دەکەن کە بۆ هەڵبژاردن بەکارهێنراوە. ئەوان پێیان وایە بە بەکارهێنانی ئەو سۆفتوێرە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی کۆرییەوە دابین و سەرپەرشتی کراوە، دەستکاریی ئەنجامەکان لە بەرژەوەندیی چەند لایەنێک کراوە.
ڕۆژی ٢٠-١٠-٢٠٢٤ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو. جگە لە سێ لایەنی براوە، زۆرینەی لایەنەكانی دیكە پێیان وایە "ساختەكاریی گەورە" لە هەڵبژاردنەكەدا كراوە، بە جۆرێك كە بە هەڵبژاردنێكی "دیزاینكراو لە دەرەوە" ناوی دەبەن.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن، پارتی ٣٩ کورسی، یەکێتی ٢٣ کورسی، نەوەی نوێ ١٥ کورسی، یەکگرتوو ٧ کورسی، ڕەوتی هەڵوێست ٤ کورسی، کۆمەڵی دادگەری ٣ کورسی، بەرەی گەل ٢ کورسی، هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستانیش یەکی یەک کورسییان بەدەست هێناوە، سێ کورسیش بۆ پێکهاتەی مەسیحی و دوو کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان بووە.