شەپۆلێکى باران و بەفربارین بۆ هەرێمى کوردستان بەڕێوەیە

24-11-2024 11:21
بەفربارین لە حاجی ئۆمەران ـــ ١٢-١-٢٠٢٤

پەرەگراف

شەپۆلێکى باران و بەفربارین سەرما بۆ هەرێمى کوردستان بەڕێوەیە. پلەکانى گەرما (٢ بۆ ٥) پلە دادەبەزن.

بەپێشى پێشبینییەکانى بەڕێوەبەرایەتیى کەشناسى و بوومەلەرزەزانیى هەرێمى کوردستان، ئەمڕۆ "ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و لەشەودا کاریگەریی شەپۆلێکی بارانبارین لەگەڵ بارستەهەوایەکی ساردی جەمسەری ڕوو لە ناوچەکەمان دەکات".

کەشناسیى هەرێم دەڵێت "ئەمشەو بارانبارین لە ناوچە جیاجیاکان بەشێوەی نمەباران دەست پێ دەکات، لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما. سەرەتا لە درەنگانی شەودا بەفربارین لەسەر ناوچە سنوورییەکان دەست پێ دەکات" .

سبەی دووشەممە، کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین زیاتر دەبێت، لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەریی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری و پلەکانی گەرما زیاتر ڕوو لە نزمبوونەوە دەکات.

کەشناسیى هەرێم دەڵێت "ڕۆژى دووشەممە شەپۆلێکی بەفربارین سەرجەم ناوچە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییەکان، بەتایبەت ئەو ناوچە شاخاوییانەی بەرزییان لە (٢٥٠٠)م زیاترە، دەگرێتەوە".

هەروەها شەپۆلى بارانبارین بەشێوەى "نمەباران و بارانی مامناوەند" لە سەرجەم ناوچە جیاجیاکان بەردەوام دەبێت.

لەگەڵ کاریگەریی ئەم کەشە ناسەقامگیرە، پلەکانى گەرما (٢ بۆ ٥) پلە دادەبەزن و خێرایی با لە هەندێ کاتدا دەگاتە سەرووی (٢٥)کم لە کاتژمێرێکدا.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ڕۆژى دووشەممە:

هەولێر : ١٨ پلە

سلێمانی : ١٦ پلە

دهۆک : ١٧ پلە

کەرکوک : ١٩ پلە

هەڵەبجە : ١٧ پلە

زاخۆ : ١٧ پلە

حاجی ئۆمەران : ٦ پلە

سۆران : ١٣ پلە

گەرمیان : ٢٠ پلە