پەرلەمانی عێراق یاسای بودجە هەموار دەکات بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم
پەرەگراف
پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجە دەکات بە ئامانجی زیادکردنی پارەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەی نەوت.
پەرلەمان کارنامەی کۆبوونەوەی ڕۆژی سێ شەممە ٢٦-١١-٢٠٢٤ی بڵاوکردەوە کە یەکەم کۆبوونەوەیە بە سەرپەرشتی مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی نوێی پەرلەمان، بڕگەیەکی کارنامەکە یەکێکیان خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی سێ ساڵەی عێراق (2023-2024-2025).
٥ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازێكی بە ئاراستەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم پەسەند كرد کە لەڕێی هەمواری مادەی 12 لە یاسای بودجە، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ 16 دۆلار زیاد بکرێت.
د. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، خاڵەکانی پێشنیاری هەمواری یاساکەی بڵاوکردەوەو تێیدا باسلەوە کراوە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرەبووی حکومەتی هەرێم دەکاتەوە لە تەرخانکراوی خەرجییە سەروەرییەکان لە بودجە عێراق پارەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها نەوتی هەرێم ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی دەکرێت بۆ هەناردەکردنی بۆ بازاڕە نێودەوڵەتیەکان لە ڕێگای بەندەری جەیهان و داهاتەکەی دەبێتە داهاتی گشتی خەزێنەی فیدڕاڵیی.
لە خاڵێکی دیکەی پێشنیاری هەموارەکەدا هاتووە "پێویستە تێچووی دادپەروەرانەی (تعويض عادل) خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر کێڵگەیەک بە جیا حیسابی بۆ بکرێت ئەویش لەلایەن دامەزراوەیەکی ڕاوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتی سەربەخۆی تایبەتمەندەوە دەستنیشان دەکرێت، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێم دیاری دەکات، لە ماوەی (٦٠) ڕۆژدا لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە، و لە ئەگەری ناکۆکی لە ماوەی ئەو ماوەیەی پێشوودا، ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو دامەزراوە ڕاوێژکاریە دیاری دەکات".
تاوەکو دیاریکردنی تێچووی نەوتی هەرێم لە لایەن ئەو دامەزراوە ڕاوێژکاریە، بە تێکڕای ١٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دەدرێت بە هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.
هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و کەرکوک بۆ بازاڕەکانی جیهان لە 25ی ئازاری 2023 وەستاوە، ئەوەش بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا، بەپێی دواین ئاماری ئەپیکور زیانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت گەیشتووەتە زیاتر لە 23 ملیار دۆلار بۆ عێراق و هەرێم.
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوت لە كوردستان(ئەپیكور) کە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنانی نەوتن، لە بەیاننامەیەكدا پێشوازییان کرد لە پێشنیازی هەمواری مادەی (12) لە یاسای بودجە، پێیانوایە دەرفەت هەیە بۆ فەراهەمكردنی داواكارییەكانیان پەیوەیست بە مەرجە بازرگانییەكان و زامنكردنی پێدانی پارەی هەناردەكانی رابردوو و داهاتوو لەڕێی بۆریی عێراق-توركیا.
ئەپیكور ئامادەیی پیشان دەدات بۆ بەشداریكردن لە گفتوگۆی بەرهەمدار لەگەڵ حكومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێم، بۆ دانانی رێوشوێنەكانی كۆتایی رێككەوتنێكی نوسراو لەوبارەیەوە پێش دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت.
دەستپێکردنەویە هەناردەی نەوتی هەرێم خواست و داواکاریی ئەمەریکاشەو تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەی شاندی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی بوو لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ٢٣-٩-٢٠٢٤ لە نیویۆرک.
دیلان غەفور سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق کە بەشداربوو لەو کۆبوونەوەیەدا بە پەرەگرافی وت، لایەنەی ئەمەریکی خوازیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمن، "بلینکن داوایکرد کێشەکانی بەردەم هەناردەی نەوت چارەسەر بکرێن و تا کۆتایی ئەمساڵ هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە".
لە بەرامبەردا محەمەد شیاع سوودانی، خواستی عێراقی پیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و کێشەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیەی خستووەتەڕوو، دیلان غەفور وتی "سەرۆکوەزیران ئەوەی خستەڕوو کە دوو کێشە هەیە، لەلایەک کۆمپانیا نەوتییەکان داوای قەرزە کۆنەکانیان دەکەن کە لەسەر هەرێمی کوردستانەو عێراق ناتوانێت بیانداتەوە، دووەمیش پێویستە گرێبەستە نەوتییەکان هەموار بکرێنەوە، حکومەتی هەرێم بەمە ڕازییە، بەڵام کۆمپانیاکان ڕازی نین".
گرفتێکی سەرەکیی بەردەم هەموارکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان پارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و شایستەی دارایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستانە، حكومەتی عێراق بەو گرێبەستانە ڕازی نییە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كردوویەتی و لە جۆری هاوبەشیپێكردنە، عێراق پێی وایە هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، دەیەوێت ئەو پارەیە کەم بکاتەوە کە هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەری ڕێککەوتوون بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ ئەوەش پێشنیاری جیاواز هەیەو هێشتا نەیتوانیوە کۆمپانیاکان ڕازیی بکات.