پەرەگراف
سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕایدەگەیەنێت "ڕەنگە لە هەندێک شوێنى (هەرێمى کوردستانەوە) هەندێک بەرهەم هەناردەى ئێران بکرێن، بەڵام ئەوە بە نایاساییە و لەژێر کۆنترۆڵى ئێمەدا نییە".
ئەم قسەیەى مەسروور بارزانى لە وەڵامى پرسیارێکدا هات سەبارەت بە نیگەرانیى ئەمریکا لەبارەى هەناردەکردنى نەوت بۆ ئێران و وتیشى "هیچ شتێک بەشێوەیەکى یاسایى لە ڕێگەى ئێرانەوە ناڕوات، چونکە سزا لەسەر تەواوى بەرهەمەکان بۆ ئێران هەیە نەک تەنیا نەوت".
لە چوارچێوەى بەشداریکردنى لە پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024)، مەسروور بارزانى سەبارەت بە ڕاگرتنى هەناردەى نەوتیش وتى "کاریگەریى گەورەى لەسەر هەموو عێراق هەبووە و داهاتێکى زۆر لەدەست چووە، بەڵام گەورەترین زەرەرمەند هەرێمى کوردستان بووە".
سەرۆکى حکومەتى هەرێم نیگەرانیى خۆیشى لەوە دەربڕى کە "هەرێمى کوردستان لە زیانەکانى ڕاگرتنى هەناردەى نەوتدا قەرەبوو نەکراوەتەوە" و وتیشى "پارەى مووچە درەنگ دەنێردرێت و داهات کەم بووەتەوە".
دەربارەى ئەوەى کە گوایە نەوتى هەرێم لە بەرانبەر کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوت لە عێراق دانراوە کە داواکارییەکى ئۆپیکە، سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕەتى کردەوە و وتى "عێراق ڕۆژانە چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، پێویستە هەرێمى کوردستانیش ٥٠٠ هەزار بەرمیل بەرهەم بهێنێت، بەڵام ئێستا کەمتر لە نیوەى ئەوە بەرهەم دەهێنێت. بابەتى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى نەوت پێوستە لە نەوتى هەموو عێراق بێت".