پەیامی حکومەتی تورکیا لەبارەی سەرژمێری لەشاری کەرکوک

23-11-2024 11:44
ئۆنجو کەچەلی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا

پەرەگراف

حکومەتی تورکیا بە فەرمی لەبارەی سەرژمێری لە کەرکوک هاتە دەنگ و دەڵێت، جوڵەی چڕوپڕی کوردو گەڕانەوەیان بۆ ئەو شارە بۆ بەشداریی لە پڕۆسەکە، "مایەی نیگەرانیی ڕەوای تورکمان و عەرەبە".

ئۆنجو کەچەلی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامێکی لەبارەی پڕۆسەی سەرژمێری لە عێراق بڵاوکردەوەو دەڵێت "لە نزیکەوە چاودێری ئەو پێشھاتەمان کردووە کە رەنگدانەوەی رای گشتی لە گواستنەوەی کوردەکان لە ھەرێمی کوردی عێراقەوە بۆ ئەو پرۆسەیە لێکەوتەوە. هەرچەندە لەم سەرژمێرییەدا زانیاری سەبارەت بە نەتەوە نەنوسراوە، بەڵام ئەو جوڵە چڕوپڕەی هاووڵاتییان بووە مایەی نیگەرانیی رەوای تورکمان و عەرەبی عێراق".

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەشڵێت "تورکیا بە سەرجەم دامودەزگاکانییەوە لە پاڵ تورکمانی عێراقدایەو چاودێری ماف و بەرژەوەندییەکانیان دەکات. لەم چوارچێوەیەشدا ئارامی و ئاسایشی تورکمانە هاونەتەوەکانمان كە بونیاتنەری پردی دۆستایەتین لەنێوان عێراق و تورکیا و ژمارەیەکی زۆری دانیشتووی کەرکووکن، بەلامانەوە جێی بایەخە".

"چاوەڕوانییەکانمان لە دەسەڵاتدارانی عێراق ئەوەیە رێگە نەدەن تورکمانە هاونەتەوەکانمان کە لە 100 ساڵی رابردوودا رووبەڕووی کۆمەڵکوژی و چەوساندنەوەی بێشومار بوونەتەوە، جارێکی دیکە بەهۆی ئەم دوایین پێشهاتانەوە لە چوارچێوەی سەرژمێریدا ببنە قوربانی و ستەمیان لێ بکرێت. چاوەڕوانی و هەستیارییە بنچینەییەکانی ئێمە لە کەرکووک ئەوەیە، نابێت دەستکاری ئەو پێکهاتە دیمۆگرافییە بکرێت کە بە درێژایی مێژوو لە پارێزگاکەدا دروستبووە و گرنگە خەڵکی کەرکووک بەردەوام بن لە ژیان بەو شێوەیەی کە نەتەوە رەسەنەکانی پارێزگاکە لەسەری رێککەوتوون" ئۆنجو کەچەلی وادەڵێت.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەو کوردانەی بۆ بەشداریی لە سەرژمێری گەڕانەوە کەرکوک خۆیان خەڵکی ئەوشارەن و بەڵگەنامەیان هەیە، بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و بە هۆکاری جیاواز کەرکوکیان بەجێهێشتووە لەو هۆکارانەش؛ سیاسەتی بەعەرەب کردن و هێرشەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧.