ئیسرائیل نامەی نووسراوی هەڕەشە ئامێز دەداتە عێراق

22-11-2024 04:14

پەرەگراف

وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، نامەی نووسراوی هەڕەشە ئامێزی ئیسرائیلیان بەدەست گەیشتووە، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە.

فوئاد حسێن لە کۆڕبەندی مێپس لە زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک وتی "نامە نووسراوەکە لە لایەنێکی دیکەوە بەدەست ئێمە گەیشت، پێشتر پەیامەکە دەنگیی بوو، بەڵام لەم دواییانەدا نامەی نووسراومان بەدەست گەیشت، ئێمە وەڵاممان نەداوەتەوە، بەڵام ڕوون و ئاشکرایەو نامەکە هەڕەشەبوو لە عێراق، ئێستا بابەتەکە گەیشتووەتە نیویۆرک و نامەیەکی ڕوون و ئاشکرا لە حکومەتی ناتەنیاهووەوە گەیشتووەتە نیویۆرک".

وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەوە کردەوە، هەوڵدەدەن عێراق لە شەڕ دووربخەنەوە.

هاوکات هۆشیار زێباری وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق پێیوایە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر عێر اق "پێشبینی کراوە"، زێباری لە کۆڕبەندی مێپس وتی "سەرباری ئەوەی حکومەتی عێراق هەوڵی زۆریداوە وڵات نەبێتە بەشێک لەو شەڕەی ئێستا هەیە، بەڵام وادەردەکەوێت ئەکتەرو گروپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان لە حکومەتی عێراق بەهێزترن کە بەردەوامن لە فشارخستنەسەر عێراق بەرەو ئەو شەڕە، بەهۆی ڕەفتاری گروپە چەکدارەکانەوە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دژی عێراق لە داهاتوویەکی نزیکدا بەهێزە".

هەروەها ئەمریکا دوایین هۆشدارى داوەتە عێراق و داواى ڕاگرتنى هێرشى گرووپە چەکدارییەکان بۆ سەر ئیسرائیل دەکات، واشنتۆن جەخت دەکاتەوە کە "ئامرازى فشار"ـى بۆ سەر تەلئەبیب نەماوە و مەترسیى هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر عێراق نزیکە.

ئەو هۆشدارییەى ئەمریکا لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل سکاڵاى لە دژى عێراق لە ئەنجوومەنى ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆمار کردووە و داواى ڕاگرتنى ئەو هێرشانە دەکات کە گرووپە چەکدارییە شیعەکانى نزیک لە ئێران لەناو خاکى عێراقەوە دەیکەنە سەر ئیسرائیل. عێراقیش ئەو سکاڵایەى ئیسرائیل بە مەترسى و هەڕەشە لەسەر خۆى دەزانێت.

ڕۆژی ١٩-١١-٢٠٢٤، محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی کرد، کە تەرخان بوو بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بەو سکاڵایەی ئیسرائیل لە دژی عێراق پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کردووە.

لە بەیاننامەیەکدا کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنەکە بە تەواوەتی سکاڵاکەی ئیسرائیل ڕەت دەکاتەوە و پێی وایە "بیانوویەکە بە ئامانجی پاساوهێنانەوە بۆ دەستدرێژییەکی پلان بۆ داڕێژراو بۆ سەر عێراق".

ئەنجومەنەکە هەڵوێستی حکومەتی عێراقی دووپات کردەوە کە "بڕیاری ئاشتی و شەڕ لە دەستی حکومەتدایە". ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت بەردەوامە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ دەستپێکردنی هەر هێرشێک.