مەسعود بارزانى: هەڵبژاردنى مێژوویى ئەنجام درا و ڕۆژانى داهاتوودا لایەنەکان دەست بە گفتوگۆ  دەکەن

22-11-2024 12:40

پەرەگراف

مەسعود بارزانى، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بە "مێژوویى" وەسف دەکات و دەڵێت "لە ڕۆژانى داهاتوودا گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکان دەست پێ دەکات". لەبارەى سەرژمێرییشەوە ڕایدەگەیەنێت "گرەنتى دراوە کە مەبەستى سیاسیى لەپشت نابێت و کاریگەریى لەسەر ناوچەکانى ماددەى ١٤٠ نابێت". هەروەها سەرۆکى پارتى جارێکى دیکە باسى لە مەترسییەکانى ماددەى هۆشبەر کرد و دەڵێت "زۆر لایەن کە دەسەڵاتیان هەیە مەترسییەکە دادەپۆشن و کارخەنەى ماددەى هۆشبەر دروست دەکرێت ناتوانن هیچى لێ بکەن".

ئەمڕۆ هەینی 22-11-2024، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمریکی - کوردستان لە شاری دهۆک دەستی بە کارەکانی کرد و لە سەرەتای کۆڕبەندەکەدا مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتى دیموکرات، وتارێکی پێشکەش کرد.

سەرۆکى پارتى لە وتارەکەیدا تیشکى خستە سەر چەند تەوەرێک و سەرەتا لەبارەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستانەوە وتى "لە هەرێمی كوردستان، پێش نزیكەی مانگێك، هەڵبژاردنێكی مێژوویی ئەنجام درا، پێشبینیی هەموو لایەك ئەوە بوو كە ئەم هەڵبژاردنە ناكرێ، یان ئەگەر بكرێ گرفتی زۆر بۆ دێتە پێش، بەڵام سوپاسێكی گەرمی گەلی كوردستان دەكەم، کە سەری ئێمەیان بەرز كرد و پیشانیشیان دا كە هەست لە كاتی پێویستدا بە بەرپرسیارێتی دەكەن".

مەسعود بارزانى وتیشى "ئومێدەوارین كە لەمەودوا هەموو لایەك مامەڵە لەگەڵ شەرعیەت بكەن، ئەو شەرعیەتەی كە میللەت داویەتی. لەم ڕۆژانەشدا دواى ئەوەى ئەنجامەکان بە فەرمى لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ڕادەگەیەندرێن، دەست بە گفتوگۆ دەکرێن لەنێوان هەموو لایەنەکان، بۆ ئەوەى پەرلەمان دەستبەکار بێت و هەنگاوەکانى دیکەشى بەدوادا بێت".

"کەمتر لە ساڵێکى دیکە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقیش بەڕێوە دەچێت. هیوادارین هەڵبژاردنێکى باش بێت و سوود لە ئەزموونى هەڵبژاردنى هەرێمى کوردستان وەربگرن"، مەسعود بارزانى واى وت.

سەبارەت بە سەرژمێریى گشتیى عێراقیش، سەرۆکى پارتى وتى "جەخت کراوەتەوە و گرەنتى دراوە کە هیچ مەبەستێکى سیاسیى لەدوا نابێت و هیچ کاریگەرییەکیشى لەسەر ناوچەکانى سنوورى ماددەى ١٤٠ نابێت".

مەسعود بازانى لەگەڵ ئەوەى "تەمەننا"ـى کرد کە شەڕى غەززە و لوبنان کۆتایى پێ بێت، جەختیشى کردەوە کە "بە هەر نرخێک بێت، نابێ عێراق لەو شەڕەدا تووش ببێت یان تێوەبگلێت".

لە ماوەى ڕابردوودا مەسعود بازانى چەند جارێک باسى لە مەترسییەکانى ماددەى هۆشبەر لەسەر هەرێمى کوردستان کردووە، بەتایبەت دواى دەستبەسەرداگرتنى کارگەیەکى دروستکردنى ماددەى هۆشبەر لە سنوورى گەرمیان. ئەمڕۆیش لە وتارەکەیدا بە "ئاڵنگارییەکى مەترسیدارتر لە تیرۆر" ناوى برد.

"بەداخەوە ئێستا لە زۆر لای كە دەسەڵاتیان هەیە، دایدەپۆشن، كارخانە دروست دەكرێ بۆ دروستكردنی ماددەى هۆشبەر و ناتوانن هیچی لێ بكەن، بازرگانییەكی ئازادانەی پێ دەكرێ، ئەمە مەترسییەكی گەورەیە و ئەمە كوشتنی نەتەوەیەكە"، مەسعود بارزانى واى وت.

بازانى وتیشى "تەمەننا دەكەم هەموو دەوڵەتان، هەموو لایەنەكان، هەرچی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ، بە جیددی لەسەر ئەم بابەتە بوەستن و سنوورێک بۆ ئەمە دابنرێ، پێش ئەوەی كە كارەسات لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت".

سەرۆکى پارتى خۆشحاڵیى خۆیشى دەربڕى لەوەى كە "دیسان دەنگوباسی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەستی پێ كردووەتەوە" و وتى "لە هەر كوێیەك هەر چارەسەرێك بۆ پرۆسەی ئاشتی هەبێت، ئێمە بە هەموو توانایەك پشتگیریی دەكەین و لەگەڵی دەبین".