لە هەندێک شوێنى کوردنشینى ناوچە دابڕیندراوەکان 'ڕیگە نەدراوە سەرژمێرى بکرێت'

21-11-2024 04:34

پەرەگراف

دەستەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان نیگەرانە لەوەى کە لە هەندێک شوێنى کوردنشینى ناوچە دابڕیندراوەکان "ڕیگە نەدراوە سەرژمێرى بکرێت".

فەهمى بورهان، سەرۆکى دەستەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، ئێوارەى ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە هەندێک شوێن و ناوچە و بەتایبەتى لە گوندەکانى دەوروبەرى خانەقین و کوڵەجۆ، درێژکراوەى بەعەرەبکردنمان دەبینى و تا ئێستا دەرفەت نەدراوە بەشێک لەو گوندانە سەرژمێرییان تێدا ئەنجام بدرێت".

فەهمى بورهان وتیشى "لە دەورەبەرى مەخموور و هەندێک ناوچەى هاوبەشى دهۆک و نەینەوایش، لێکتێنەگەیشتن هەبووە و ئامانجى سەرژمێرى بەدى نەهاتووە".

ناوبراو ئاماژەى بەوەش کرد کە  "ڕاستە لە ڕووى ئیدارییەوە پرۆسەکە لە کەرکووک، خانەقین، شنگال و سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانى دیکەش باش چووەتە پێشەوە"، بەڵام جەختى کردەوە کە "ئەمە ماناى ئەوە نییە ئێمە نیگەرانیمان نەبێت".

تۆمارکردنى ناوى هاووڵاتیان و خێزانەکان لە پرۆسەى سەرژمێریى گشتیى عێراق لە سەرتاسەرى وڵات کە ماوەکەى ٤٨ کاتژمێرە، کاتژمێر ١٢ـى ئەمشەو کۆتایى دێت و دواى ئەوە هیچ خێزانێک تۆمار ناکرێت.

ئەنجامى سەرەتایى سەرژمێریى گشتیى عێراق لە ٤٨ کاتژمێرى داهاتوودا بڵاو دەکرێتەوە، کە ژمارەى گشتیى دانیشتووان، ژمارەى دانیشتووانى هەر پارێزگایەک، ژمارەى نێر و مێ، تەمەنى دانیشتووان و ژمارەى دانیشتوانى شار و لادێکان و هەندێک زانیاریى دیکە لەخۆ دەگرێت.