دادگاى لاهاى فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ ناتانیاهوو و گالانت و زە-یف دەرکرد

21-11-2024 02:52
لە ڕاستەوە: بینیامین ناتانیاهوو - یوئاڤ گالانت - محەمەد زەیف

پەرەگراف

بە تۆمەتى ئەنجامدانى "تاوانى جەنگى و تاوانى دژ بە مرۆڤایەتى"، دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى لە لاهاى، فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ بینیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل و یوئاڤ گالانت، وەزیرى بەرگیریى پێشووى ئیسرائیل و محەمەد زە-یف، فەرماندەى سەربازیى بزووتنەوەى حە-مماس دەرکرد.

دادگاکە دەڵێت "بەڵگەى پێویست لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی ئەم سێ کەسە بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی وەکوو تاوانبار دەستیشان بکرێن".

محەمەد زەیف، کە یەکێک لە فەرماندە سەربازییە دیارەکانى کەتیبەکانى عیززەدین قەسسامى باڵى سەربازیى بزووتنەوەى حەمماسە، چەند مانگێک لەمەوبەر لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرانى لە هێرشێکدا ڕاگەیەندرا، بەڵام تا ئێستا حەمماس پشتڕاست و ڕەتى نەکردووەتەوە.

یوئاڤ گالانت، وەزیرى بەرگریى پێشووى ئیسرائیل، ڕۆژى ٥-١١-٢٠٢٤ لەلایەن سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیلەوە لە پۆستەکەى دوورخرایەوە. ناتانیاهوو هۆکارى دوورخستنەوەى گالانتى بۆ "نەمانى متمانە و بوونى جیاوازیى جیدد"ـى لەنێوانیاندا گەڕاندەوە.

جێبەجێکردنى بڕیارەکە پەیوەستە بە هەڵوێستى ١٢٤ دەوڵەتى ئەندامى دادگاکە کە ئایا ئامادەن ئەو کەسانە دەستگیر بکەن. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل خۆى و ئەمریکاى هاوپەیمانى ئەندامى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى نین.

ساڵێک لەمەوبەریش دادگاى لاهاى فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکى ڕووسیا دەرکرد، بەڵام دواى ئەو بڕیارە، پووتین سەردانى بۆ چەند وڵاتێکى ئەندامى ئەو دادگایە ئەنجام داوە و دەستگیر نەکراوە.

کەریم خان، داواکارى گشتیى دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى، پێشتر داواى دەستگیرکردنى ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکى پێشووترى مەکتەبى سیاسیى بزووتنەوەى حەمماس و یەحیا سنوار، جێگرەوەى هەنیە و محەمەد زەیف، فەرماندەى سەربازى حەمماس و بینیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل و یوئاڤ گالانت، وەزیرى بەرگیریى پێشووى ئیسرائیلى کردبووە.

کەریم خان، سەرکردە و فەرماندەکانى حەمماسى بە "تاوان دژى مرۆڤایەتى، تاوانى جەنگى، کۆمەڵکوژى، بەدیلگرتن و ئەشکەنجە" تۆمەتبار کردووە. هەروەها سەرکردەکانى ئیسرائیلى بە تاوانى وەکوو "هێرشى بەئەنقەست بۆ سەر خەڵکى سڤیل، بەکارهێنانى برسێتى و قاتوقڕى وەکوو چەکى جەنگى، کوشتن و کۆمەڵکوژى" تۆمەتبار کردووە.