تیمی راگەیاندنی حكومەت: سەرژمێری لەناوچە كێشە لەسەرەكان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت

21-11-2024 11:23

 

پەرەگراف

تیمی راگەیاندنی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، پرۆسەی سەرژمێری لە ناوچە كێشە لەسەرەكان بەشێوەیەكی زۆرباش بەڕێوەدەچێت و هیچ كێشەیەك تۆمارنەكراوە.

حەیدەر مەجید، وتەبێژی تیمەكە، بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی دەڵێت "ئەو زانیارییانەی كە هاوڵاتیان دەیدەن لەكاتی سەرژمێریدا زۆر نهێنی و پارێزارو دەبێت، بەوتەی دەزگا تایبەتمەندەكان لە بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی دزەناکرێتە ناو داتاکان و رێگەنادرێت هیچ كەسێك بیبینێت، جگە لەلایەنی پەیوەندیدار".

لەبارەی ناوچە كێشە لەسەرەكان، وتەبێژی تیمەکە دەڵێت، کار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکرێت لەبارەی رێوشوێنەكانی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لەو ناوچانە كە باس لە پێكهێنانی لیژنە دەكات لەناو پێكهاتەكان و پێویستە لەگەڵ بژمێرەكان بن، لەگەڵ بوونی نوێنەری مەسیحیش لەناوچانەی كە زۆرینەن تیایدا.

ئەمڕۆ دووەم ڕۆژی پڕۆسەی سەرژمێرییەو کۆتا ڕۆژی قەدەغەی هاتووچۆیە، پڕۆسەکە لەلایەن 120 هەزار بژمێرکار و توێژەر بەڕێوەدەبرێت و بڕی 459 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە.