ئەمریکا دوایین هۆشدارى دەداتە عێراق؛ مەترسیى هێرشى ئیسرائیل 'نزیکە'

20-11-2024 07:19
هێرشێکى درۆنیى مقاوەمەى ئیسلامیى عێراق بۆ سەر ئیسرائیل

پەرەگراف

ئەمریکا دوایین هۆشدارى دەداتە عێراق و داواى ڕاگرتنى هێرشى گرووپە چەکدارییەکان بۆ سەر ئیسرائیل دەکات. واشنتۆن جەخت دەکاتەوە کە هی "ئامرازى مشار"ـى بۆ سەر تەلئەبیب نەماوە و مەترسیى هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر عێراق نزیکە.

ژمارەیەک سەرچاوە بە كەناڵەكانی (العربیە) و (الحدث)ـیان ڕاگەیاندووە "ئەگەری گوزی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق نزیكە، ئەگەر بەغداد ڕێگە لە هێرشی گرووپە چەکدارییەکان لەناو خاكەكەیەوە بۆ سەر ئیسرائیل نەگرێت".

بەپێى ئەو سەرچاوانە، ئەمریكا بە بەغدای ڕاگەیاندووە، ئامرازەكانی فشاری بۆ سەر ئیسرائیل كۆتایى هاتووە چیتر ناتوانێت بەر بە هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر عێراق بگرێت.

واشنتۆن داواى لە بەغدا کردووە "هەنگاوی بەپەلە" بنێت بۆ ڕاگرتنى هێرشى گرووپە چەکدارییەکانى نزیک لە ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە خۆیان لەژێر ناوى "مقاوەى ئیسلامیى عێراق"ـدا ڕێکخستووە..

ئەم هۆشدارییەى ئەمریکا لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل سکاڵاى لە دژى عێراق لە ئەنجوومەنى ئاسایش تۆمار کردووە و داواى ڕاگرتنى ئەو هێرشانە دەکات کە گرووپە چەکدارییە شیعەکانى نزیک لە ئێران لەناو خاکى عێراقەوە دەیکەنە سەر ئیسرائیل. عێراقیش ئەو سکاڵایەى ئیسرائیل بە مەترسى و هەڕەشە لەسەر خۆى دەزانێت و ڕێکار دەگرێتە بەر.

دوێنێ ١٩-١١-٢٠٢٤، محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانیی کرد، کە تەرخان بوو بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بەو سکاڵایەی ئیسرائیل لە دژی عێراق پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کردووە.

لە بەیاننامەیەکدا کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوی کردەوە، ئەنجوومەنەکە بە تەواوەتی سکاڵاکەی ئیسرائیل ڕەت دەکاتەوە و پێی وایە "بیانوویەکە بە ئامانجی پاساوهێنانەوە بۆ دەستدرێژییەکی پلان بۆ داڕێژراو بۆ سەر عێراق".

ئەنجومەنەکە هەڵوێستی حکومەتی عێراقی دووپات کردەوە کە "بڕیاری ئاشتی و شەڕ لە دەستی حکومەتدایە". ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت بەردەوامە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ دەستپێکردنی هەر هێرشێک.

ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی، پابەندبوونی عێراقی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات کردەوە، داواشی لە هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد کە پەرەسەندن ڕەت بکەنەوە و ئەولەویەت بدەن بە گفتوگۆ.

هەروەها ئەنجوومەنەکە بانگەوازێکی ئاراستەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کرد کە هەڵوێستێکی یەکگرتوو لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیلدا بگرێتەبەر، لەوانەش ڕێوشوێنی کردەیی لەسەر بنەمای پرەنسیپی بەرگریی هاوبەش.

لە چوارچێوەی هەنگاوە دیپلۆماسییەکان، ئەنجوومەنەکە وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپارد بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان و کارکردن بۆ ڕێگریکردن لە هەڕەشە شەڕانگێزەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

هاوکات محەمەد شیاع سوودانی، کۆمەڵێک ڕێنمایی ئەمنیی دەرکرد کە بریتین لە:

• پتەوکردنی سنووری ڕۆژئاوای عێراق بە چالاکییەکی چڕ و کارکردنی خێرا بۆ دەستەبەرکردنی قووڵایی ئەمنیی کاریگەر.

• دابینکردنی پاراستنی ئاسمانی بۆ خاکی عێراق و ئامانجە گرنگەکان.

• چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ هەر چالاکییەکی ئاسمانی یان زەمینیی دوژمنکارانە و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە دەستپێشخەرییان کردووە بۆ دڵنیابوون لەوەی پێشێلکارییە ئەمنییەکان ڕوو نەدەن.

• چالاککردنی پلانی فریاگوزاری و دابینکردنی ڕێوشوێنی خۆپارێزیی ئەمنیی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هەر هەڕەشەیەک.