پشووی ئەو فەرمانبەرانەی کە گەڕاونەتەوە ناوچە کوردستانییەکان بۆ سەرژمێرى درێژ کرایەوە

20-11-2024 02:30

پەرەگراف

حکومەتى هەرێمى کوردستان پشووی ئەو فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندانەى کە خەڵکى ناوچەکانى سنوورى ماددەى ١٤٠ـن و گەڕاونەتەوە ناوچە کوردستانییەکان بۆ سەرژمێرى، درێژ کردەوە و دەشڵێت "پشووی ئەو کەسانە بە کراوەیی دەمێنێتەوە".

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و ئەندامی ژووری عەمەلیاتی سەرژمێریی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند "بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی سەرژمێری، پشووی فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندان، ئەوانەی خەڵکی ناوچەکانی سنووری ماددەی 140ـن و بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، تاوەکو 10ـی کانوونی یەکەم درێژدەکرێتەوە بۆ ئەوەی فۆڕمی دووەم لە دوای قەدەغەی هاتووچۆ پڕبکەنەوە.

وەزارەتى ناوخۆى هەرێم دەڵێت "لە دوای تەواوکردنی فۆڕمی یەکەم کە لە ڕۆژانی 20 و 21ی مانگ پشتڕاست دەکرێنەوە، قۆناغێکی دیکە دەست پێ دەکات کە پرسیار و زانیاریی زیاتری تێدایە، پێویستە لەو کاتەی بژمێرەکان سەردانی خێزانەکان دەکەنەوە، لایەنی کەم یەکێک لە ئەندامانی خێزان لەو شوێنانە بمێننەوە و هەموو بەڵگەنامەکانی ئەندامانی خێزانەکەیانی لابێت و فۆرمی دووەم بە دروستی پڕبکەنەوە".

وەزارەتى ناوخۆ دەشڵێت "حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی ئەو کەسانە بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و دەرفەتییان دەدرێتێ تا ئەو کاتەی بژمێرەکان دووبارە سەردانیان دەکەنەوە، تاوەکو هەموو پرۆسەی سەرژمێری تەواو دەبێت".

پێشتر دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم بڕیارێکى دوو خاڵیى بە مەبەستی کارئاسانی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری ڕاگەیاند.

لە خاڵى یەکەمدا ڕایگەیاند "ڕۆژانی (2024/11/15 تاکوو 2024/11/23) پشوو دەبێت بۆ فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی و کارمەندانی ڕاژەی سەربازی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و قوتابیان لە گشت قۆناغەکانی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکان، ئەوانەى کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی (140)ی دەستوورن".

لە خاڵى دووەمیشدا دەڵێت "ڕێکخراوەکان و کۆمپانیاکان و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت، کارئاسانی بکەن بۆ کارمەندەکانیان کە خەڵکی ناوچەکانی ماددەی (140)ی دەستوورن، بۆ ئامادەنەبوون لە هەمان ماوە تاکوو بتوانن بەشدار بن لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی".