پەرەگراف
بەیانیی ئەمڕۆ پڕۆسەی سەرژمێری لە سەرتاسەری عێراق دەستی پێکردو قەدەغەی هاتووچۆ چووەبواری جێبەجێکردنەوە، بەرپرسان و پسپۆڕان پڕۆسەکە بە گرنگ و چارەنووسساز ناودەبەن بەتایبەت بۆ پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق.
دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "سەژمێری گشتی دەبێتە هۆكاری ئەوەی چیتر یاری بە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان نەكرێت".
وەزیری پلاندانان ئەوەشی خستەڕوو، ئەو شوێنانەی دەکەونە سنووری مادەی 140 و نزیك هەولێر، سلێمانی و كەركوكن و لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەدان، خەڵكی ئەو ناوچانە ئەمڕۆش دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان بە مەبەستی بەشداربوونیان لە سەرژمێری.
پڕۆسەی سەرژمێری لەلایەن 120 هەزار بژمێرکار و توێژەر بەڕێوەدەبرێت و بڕی 459 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە.
هاوکات د. نەرمین مەعروف، پسپۆری ئابوری و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە وتارێکدا کە لە بەشی بیروڕای پەرەگراف بڵاوکراوەتەوە، باس لە گرنگی سەرژمێری و بەشداریی خەڵک دەکات بەتایبەت بۆ مافە داراییەکانیان.
نەرمین مەعروف ئەو گۆڕانکارییانە دەخاتەڕوو کە لە ١٨ ساڵی ڕابردوودا بەسەر بەشە بودجەی هەرێمدا هاتووەو هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبوونی داتا و زانیاری راست و درووست دەربارەی ژمارەی دانیشتوان و پەنابردنە بەر مەزەندەکردن و خەمڵاندن بۆ دابەشکردن و خەرجکردنی داهاتە گشتییەکان.
"ئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی کە لە رۆژانی ٢٠و ٢١ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت چارەنووسازە بۆ ئایندەی مافە دارایی و ئابورییەکانی هەرێم و پارێزگاکان، پێویستە هەموو هاوڵاتیان لە شار و زێدی خۆیانبن لەو دوو رۆژەدا، بەشداربن لە تۆمارکردنی زانیارییەکانیان بە راستی و دروستی لەپێناو پاراستنی مافی خۆیان و نەوەکانیان و شارەکانیان" ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وادەڵێت.