عێراق سکاڵاکەی ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوە؛ 'پاساوە بۆ دەستدرێژییەکی پلان بۆ داڕێژراو'

19-11-2024 11:23

پەرەگراف

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان محمد شیاع سودانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتیمانی کرد، کە تەرخان بوو بۆ تاوتوێکردنی دواین پێشهاتەکانی پەیوەست بەو سکاڵایەی ئیسرائیل لە دژی عێراق پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە.

لە بەیاننامەیەکدا کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاویکردەوە، ئەنجومەنەکە بە تەواوەتیی سکاڵاکەی ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوەو پێیوایە "بیانوویەکە بە ئامانجی پاساوهێنانەوە بۆ دەستدرێژییەکی پلان بۆ داڕێژراو بۆ سەر عێراق".

ئەنجومەنەکە هەڵوێستی حکومەتی عێراقی دووپاتکردەوە کە "بڕیاری ئاشتی و شەڕ لەدەستی حکومەتدایە"، ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت بەردەوامە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ دەستپێکردنی هەر هێرشێک.

ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتیمانی، پابەندبوونی عێراقی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتکردەوە، داواشی لە هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد کە پەرەسەندن ڕەتبکەنەوە و ئەولەویەت بدەن بە گفتوگۆ.

هەروەها ئەنجومەنەکە بانگەوازێکی ئاراستەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کرد کە هەڵوێستێکی یەکگرتوو لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیلدا بگرێتەبەر، لەوانەش ڕێوشوێنی کردەیی لەسەر بنەمای پرەنسیپی بەرگری هاوبەش.

لە چوارچێوەی هەنگاوە دیپلۆماسییەکان، ئەنجومەن وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپارد بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان و کارکردن بۆ ڕێگریکردن لە هەڕەشە شەڕانگێزەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.

هاوکات محمەد شیاع سودانی، کۆمەڵێک ڕێنمایی ئەمنی دەرکرد، کە بریتین لە؛

• پتەوکردنی سنووری ڕۆژئاوای عێراق بە چالاکییەکی چڕ و کارکردنی خێرا بۆ دەستەبەرکردنی قووڵایی ئەمنی کاریگەر.

• دابینکردنی پاراستنی ئاسمانیی بۆ خاکی عێراق و ئامانجە گرنگەکان.

• چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ هەر چالاکیەکی ئاسمانی یان زەمینی دوژمنکارانە، و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە دەستپێشخەرییان کردووە بۆ دڵنیابوون لەوەی پێشێلکارییە ئەمنییەکان ڕوونەدەن.

• چالاککردنی پلانی فریاگوزاری و دابینکردنی ڕێوشوێنی خۆپارێزی ئەمنی پێویست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هەر هەڕەشەیەک.