عێراق ڕێگریی لە بەرهەمی کارگەکانی کوردستان دەکات؛ سەدان کارگە داخراون و دەیان هەزار کەس بێکاربوون

19-11-2024 02:44

پەرەگراف

نزیکەی مانگێکە بازگەکانی حکومەتی عێراق ڕێگریی دەکەن بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان بچێتە شارەکانی عێراق، خاوەنی کارگەکان نیگەرانن و داوای چارەسەری بەپەلە دەکەن و دەڵێن، بەوهۆیەوە سەدان کارگە داخراون و زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کرێکار بێکاربوون.

مەحمود عەزیز خاوەنی کارگەی سازاو بۆ بەرهەمهێنانی خوێ، بە نوێنەرایەتی خاوەن کارگەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ لە هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی ڕێگلایی لە گەیشتنی بەرهەمی کارگەکان بە شارەکانی عێراق، "لە زیاتر لە ٢ هەزار کارگە لەسەدا ٦٠یان داخراون و زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس بێکاربوون".

خاوەنی ئەو کارگەیەی وتیشی، "لایەنە حکومییەکان نایەن بە دەممانەوە، داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین بە خێرایی شاندێک بنێرێتە بەغداد بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە. کێشەکە ساسییەو حکومەتی عێراق دەیەوێت سەرجەم کارگەکان پابەندی ئەوان بن و هەر ڕۆژی بیانوویەک دەگرن".

ئەو ڕێگرییە لە کاتێکدایە شارەکانی عێراق بازاڕێکی باشن بۆ بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان و لەسەردا ٩٠ی بەرهەمی کارگەکانی هەرێم بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەڕوات.

"بەرهەمی کارگەکانمان کوالێتییەکی زۆر بەرزی هەیە، هەر بەرهەمێک لە شارەکانی عێراق بە کوردی لەسەر نووسرابێت خواستی زیاتری لەسەرە لای خەڵک و متمانەیان پێی هەیە" خاوەنی کارگەی سازاو وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، کاڵای ئێرانی و تورکی زۆر بە ئاسانی دێت و کێشەی نییە، تەنها بەرهەمی ناوخۆی هەرێم کێشەی هەیەو ڕێگەی پێنادرێت بڕواتە شارەکانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو بە پێدانی پارەو بەرتیل بەرهەمەکان دەڕوات "کارگە هەبووە بۆ ١٠ ئۆتۆمبێلی بار ٩ هەزار دۆلاری داوەو لە بازگەکان تێپەڕبووە".