سبەینێ فراوانترین پڕۆسەی سەرژمێری لە مێژووی عێراقدا دەستپێدەکات

19-11-2024 11:18

پەرەگراف

سبەینێ فراوانترین سەرژمێری لە مێژووی عێراقدا دەستپێدەکات و محەمەد شیاع سوودانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند: باشترین ئامێری ئەلیکترۆنی بۆ سەرژمێری بەکار دەهێنین و بەشێوەیەکی زانستیی ورد پڕۆسەکە ئەنجام دەدرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق وتیشی: سەرژمێری پایەیەکی گرنگی گەشەپێدان و پێشکەوتنەو ئەم سەرژمێرییە پەیوەندی بە باج و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتییەوە نییە.

سوودانی باسی لەوەش کرد، داتاو زانیارییەكانی پڕۆسەی سەرژمێری بەنرخ دەبن بۆ دامەزراوەكانی دەوڵەت، "سەرژمێری تەنها ژمارە نییە كەڵەكە بكرێت، بەڵكو خاڵی یەكلاكەرەوەیە لەنێوان خەمڵاندن و راستی، ئامرازێكی یەكلاكەرەوەشە بۆ دیاریكردنی بڕیارە گرنگ و كاریگەرەكان. داوا لە هاوڵاتیان دەكەین هاوكاری تیمە راسپێردراوەكان بە ئەنجامدانی سەرژمێری بكەن و، پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن و زانیاری دروست پێشكەش بكەن".

هاوکات عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەکە لەلایەن 120 هەزار بژمێرکار و توێژەر بەڕێوەدەبرێت و بڕی 459 ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە.