پەرەگراف
وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان "سەرجەم تانەكان"ـی كاندید و حیزبەكانی لەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان "ڕەت كردەوە".
ڕەتکردنەوەی سەرجەم تانەكان لەكاتێكدایە كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر وتەبێژی كۆمیسیۆن بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان 38 تانەی ڕەت كردووەتەوە و تەنیا سێ تانە ماون كە لەم هەفتەیەدا بڕیار لەبارەیانەوە دەدات".
ڕۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە چوو. جگە لە سێ لایەنی براوە، زۆرینەی لایەنەكانی دیكە پێیان وایە "ساختەكاریی گەورە" لە هەڵبژاردنەكەدا كراوە، بە جۆرێك كە بە هەڵبژاردنێكی "دیزاینكراو لە دەرەوە" ناوی دەبەن.
بە كۆی گشتی 41 تانە لەسەر هەڵابژاردنەكە تۆمار كرا، زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی تۆمار كرا كە 25 تانە بوو، پاشان هەولێر 12 تانە و دهۆك 3 تانە و هەڵەبجە 1 تانە. بەڵام دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان سەرەتا 38 تانەیان و دواتریش سێ تانەكەی دیكەی ڕەت كردەوە.
كۆمیسیۆن ڕەتی دەكاتەوە ساختەكاری لە هەڵبژاردندا ئەنجام درابێت و سەرۆكی كۆمیسیۆن لە كاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی وتی "بۆ یەكەم جارە لە مێژووی هەموو هەڵبژاردنەكانی عێراقدا داتا و زانیارییەكانی ڕۆژی دەنگدان بە هاردێك بە لایەنەكان دراوەتەوە، كە تەنانەت وێنەی وەرەقەی دەنگدانیشی تێدایە". دەشڵێت "باشترین هەڵبژاردن بووە لە ساڵی 1992ـەوە تا ئەمڕۆ ئەنجام درابێت".
هەندێک لە لایەنەکان باس لە ئەنجامدانی ساختەکاری لە ڕێگەی ئەو سۆفتوێرەوە دەکەن کە بۆ هەڵبژاردن بەکارهێنراوە. ئەوان پێیان وایە بە بەکارهێنانی ئەو سۆفتوێرە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی کۆرییەوە دابین و سەرپەرشتی کراوە، دەستکاریی ئەنجامەکان لە بەرژەوەندیی چەند لایەنێک کراوە.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن، پارتی ٣٩ کورسی، یەکێتی ٢٣ کورسی، نەوەی نوێ ١٥ کورسی، یەکگرتوو ٧ کورسی، ڕەوتی هەڵوێست ٤ کورسی، کۆمەڵی دادگەری ٣ کورسی، بەرەی گەل ٢ کورسی، هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستانیش یەکی یەک کورسییان بەدەست هێناوە، سێ کورسیش بۆ پێکهاتەی مەسیحی و دوو کورسی بۆ پێکهاتەی تورکمان بووە.