سوودانى فەرمانى کرد بە خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم

17-11-2024 03:12

پەرەگراف

سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى ڕایگەیاند، سوودانى وەزارەتی دارایی ڕاسپارد مووچەی سێ مانگى کۆتایى ئەمساڵى مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دوێنێ ١٦-١١-٢٠٢٤، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبووەوە و ئەمڕۆ ڕایگەیاند "محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزارەتی دارایی ڕاسپارد مووچەی مانگەکانى ١٠، ١١ و ١٢ـى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان خەرج بکات".

بەپێى لێدوانى سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى، کێشەى مووچەى سێ مانگى کۆتایى ٢٠٢٤ـى مووچەخۆرانى هەرێم چارەسەر بووە و بەمنزیکانە مووچەى مانگى ١٠ خەرج دەکرێت، دواتریش مووچەى مانگەکانى ١١ و ١٢ لە کاتى خۆیاندا دەنێردرێن.

بەپێى ڕێکەوتنێکى پێشووى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى عێراق، دەبێت وەزارەتى دارایى عێراق مووچەى چەند مانگى کۆتایى ئەمساڵى مووچەخۆرانى هەرێم خەرج بکات، بە مەرجێک حکومەتى هەرێم بە هەماهەنگى لەگەڵ بەغدا کێشەکانى لیستى مووچە تا کۆتایى ساڵ چارەسەر بکات.