هەڵوێست چوار كورسیی بەدەست هێناوە؛ ناڕازییە و دەڵێت 'ساختەكاریی گەورە' كراوە

30-10-2024 10:17

پەرەگراف

بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ڕەوتی هەڵویستی نیشتمانی پێنجەم براوەی هەڵبژاردنە، بەڵام خۆی لە ئەنجامەكە ڕازی نییە و چاوەڕوانی دەنگ و كورسیی زۆر لەوە زیاتر بووە. ڕەوتەكە دەڵێت "هەڵبژاردنەكە دیزانكراو بووە، لەسەر حیسابی دەنگی ژمارەیەك لایەن بەتایبەت ڕەوتی هەڵوێست، ساختەكاریی گەورە لە بەرژەوەندیی سێ‌ لایەنی براوە ئەنجام دراوە".

هەڵوێست كە ڕەوتێكی نوێیە و حەوت مانگ بەر لە هەڵبژاردن دامەزرا، لەم هەڵبژاردنەدا بە كۆی گشتی لە هەر چوار پارێزگاكە 56 هەزار و 8 دەنگی بەدەست هێناوە، چوار كورسیی بردووەتەوە، لە سلێمانی دوان و هەولێر و دهۆكیش یەكی یەك كورسی.

هەروەها هەڵوێست لەم هەڵبژاردنەدا نزیكەی 3%ـی كۆی دەنگە دروستەكانی هەڵبژاردنی لە هەرێمی كوردستان بەدەست هێناوە، ئەوەش بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن كە ئەمڕۆ 30-10-2024 لەلایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە ڕاگەیەندرا.

پەرەگراف بە پشتبەستن بە ژمارەی "دەنگە دروستەكان"ـی هەڵبژاردن كە كۆمیسیۆن ڕایگەیاند، لە شیكارییەكدا وردەكاریی ژمارەی دەنگەكانی هەڵوێستی نیشتمانی و ڕێژەی دەنگ و ژمارەی كورسییەكانی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا دەخاتە ڕوو.

دەنگی دروست، مەبەست لەو دەنگانەیە كە بۆ پارت و كاندیدەكان ئەژمار كراون و هیچ كێشەیەكیان تێدا نەبووە، واتە دەنگە پووچەڵەكانی لێ‌ دەركراوە كە ژمارەیان نزیكەی 210 هەزار دەنگە. كۆی دەنگە دروستەكان لەم هەڵبژاردنەدا یەك ملیۆن و 882 هەزار و 448 دەنگ بووە.

دەنگ و كورسییەكانی هەڵوێستی نیشتمانی

كۆی دەنگە دروستەكانی كوردستان: 1882448
كۆی دەنگەكانی هەڵوێست: 56008
ڕێژەی دەنگەكانی هەڵوێست: 2.97%
ژمارەی كورسییەكانی هەڵوێست: 4

بازنەی پارێزگای هەولێر:

ژمارەی دەنگە دروستەكانی بازنەكە: 669273
ژمارەی دەنگەكانی هەڵوێست: 16871
ڕێژەی دەنگەكانی هەڵوێست: 2.52%
ژمارەی كورسییەكانی هەڵوێست: 1

بازنەی پارێزگای سلێمانی:

كۆی دەنگە دروستەكانی بازنەكە: 626224
ژمارەی دەنگەكانی هەڵوێست: 29416
ڕێژەی دەنگەكانی هەڵوێست: 4.69%
ژمارەی كورسییەكانی هەڵوێست: 2

بازنەی پارێزگای دهۆك:

كۆی دەنگە دروستەكانی بازنەكە: 548015
ژمارەی دەنگەكانی هەڵوێست: 8438
ڕێژەی دەنگەكانی هەڵوێست: 1.53%
ژمارەی كورسییەكانی هەڵوێست: 1

بازنەی پارێزگای هەڵەبجە:

كۆی دەنگە دروستەكانی بازنەكە: 38936
ژمارەی دەنگەكانی هەڵوێست: 1283
ڕێژەی دەنگەكانی هەڵوێست: 3.29%
ژمارەی كورسییەكانی هەڵوێست: 0