٣٨ کاندیدی پێکهاتەکان کێبڕکێ لەسەر ٥ کورسی پەرلەمان دەکەن

04-10-2024 02:11

پەرەگراف

پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی ٢٠ی ئەم مانگەدا بە ٣٨ کاندید کێبڕکێ لەسەر ئەو ٥ کورسییە دەکەن کە لە خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان بە کۆتا بۆیان تەرخان کراوە.

پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان؛ لە سلێمانى کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ مەسیحی، لە هەولێر کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ مەسیحی هەروەها لە دهۆک کورسییەکی مەسیحی بۆ ئەرمەنەکان تەرخان دەکرێت.

لە هەولێر ١٤ کاندیدی تورکمان و ٧ مەسیحی کێبڕکێ لەسەر ئەو دوو کورسییە دەکەن کە بۆیان تەرخانکراوە، لە سلێمانیش ٦ کاندیدی تورکمان و ٣ مەسیحی کێبڕکێ لەسەر ئەو دوو کورسییە دەکەن کە بۆیان تەرخانکراوە، لە دهۆکیش ٨ کاندیدی مەسیحی لە کێبڕکێدان لەسەر ئەو تاکە کورسییەی بۆیان تەرخانکراوە.

پێکهاتەکان لە خولی پێشووی پەرلەمان ١١ کورسییان هەبوو، بەڵام دادگای فیدراڵی عێراق کورسییەکانی هەڵوەشاندنەوەو بە "نادەستوری" لە قەڵەمیداو کورسییەکانی پەرلەمانی لە ١١١ کورسییەوە کەمکردەوە بۆ ١٠٠ کورسی، دواتر ٥ کورسی بۆ پێکهاتەکان گەڕێندرایەوە لە چوارچێوەی ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەماندا.

20-10-2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، لەم هەڵبژاردنەدا دوو ملیۆن و 898 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیانیان هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی 100 کورسیی پەرلەمان، خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان لانیکەم ٣٠ کورسیی بۆ ژنان تەرخان کراوە بە کۆتا.

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش کراون؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.