پەرەگراف
لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل داوا لە خەڵکی بادینان دەکات سزای پارتی بدەن و دەڵێت، پارتی بە پشتیوانی خەڵکی بادینان نەبێت هێزێکی بچووکە.
لە ئاهەنگی ناساندنی کاندیدانی بەرەی گەل لە دهۆک، لاهور شێخ جەنگی لە وتارێکدا داوای دەنگ و متمانەی خەڵکی کردو وتی "هەرگیز متمانە و دەنگی ئێوە نادۆڕێنین. چیتر ڕێگەنادەین دەنگ و ئیرادە و پارەتان بدزرێت".
بەرەی گەل 122 کاندیدی لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن هەیە، 81 کاندیدی لە ڕەگەزی نێرو 41 کاندیدی لە ڕەزی مێ-ن.
لاهور شێخ جەنگی، ئاماژەی بەوەشکرد دهۆک هەژارترین پارێزگایەو "ژمارەیەکی زۆری" گەنج و لاوی ئەو دەڤەرە بێکارن.
"پارتی و یەکێتی لە دەنگی خەڵک دەترسن. خزمەت بە بەرەی گەل دەکرێت، پارتی و یەکێتی دەیانەوێت ڕێککەوتنەکان لەگەڵ بەغداد تێکبدەن. ئەو دەستانە دەبڕین کە چاو دەبڕنە گیرفانی خەڵک" لاهور شێخ جەنگی وای وت.
بڕیارە ڕۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت، لەم هەڵبژاردنەدا دوو ملیۆن 898 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیانیان هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی 100 کورسیی پەرلەمان.
خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان لانیکەم ٣٠ کورسیی بۆ ژنان تەرخان کراوە بە کۆتا، لەگەڵ پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان؛ مەسیحی ٣ کورسی و تورکمان ٢ کورسی.
كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش کراون؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش سێ كورسی.