کوڕانی نەوشیروان مستەفا دەرگای گردەکەیان کردەوەو گۆڕان ڕەتی دەکاتەوە بچێتەوە گردەکە
پەرەگراف
کوڕانی نەوشیروان مستەفا دوای هەفتەیەک لە داخستنی دەرگای گردی زەرگەتە کە مەکۆی سەرەکی گۆڕان بوو بە ڕووی بەرپرسانی بزووتنەوەکەدا، ئەمڕۆ دەرگای گردەکەیان کردەوە، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان ڕەتی دەکەنەوە بچنەوە گردەکەو سبەینێ بارەگا نوێیەکەیان لە گەڕەکی کوردسات دەکەنەوە.
ئەمڕۆ راگەیەندراوێک بەناوی "جڤاتی نیشتیمانیی هەڵبژێردراو"ی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوکرایەوە کە تێیدا هاتووە "پاش رێگری لە پشێوی و هێوربوونەوەی دۆخەکە، بڕیاردرا بە کردنەوەی مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان و گردی زەرگەتە لەسەر بنەمای دەستووری نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان."
پەرەگراف پەیوەندیی بە بەرپرسانی گۆڕانەوە کرد کە نزیکن لە دانا ئەحمەد مەجید ڕێکخەری نوێی بزووتنەوەکە، ئەوان ڕەتیان کردەوە بچنەوە گردەکە، یەکێکیان وتی "سبەینێ بارەگای نوێی گۆڕان لە گەڕەکی کوردسات دەکەینەوەو کاک داناو بەرپرسانی گۆڕان لەوێ دەوام دەکەن و ناچینەوە گردەکە".
ڕۆژی ٢٧-٩-٢٠٢٤ چیا نەوشیروان مستەفا دەرگای سەرەکی گردی زەرگەتەی بە کۆنکرێت داخست، ڕێگەی نەدا مەراسیمی دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید لە شوێنی عومەر سەید عەلی ئەنجام بدرێت کە ڕۆژی دواتر ئەنجامدراو بڕیاربوو لە گردەکە بکرێت، بەڵام دوای داخستنی گوازرایەوە بۆ هۆڵێک لەناو پارکی ئازادی و لە مەراسیمەکەدا دەسەڵاتی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ڕادەستی دانا ئەحمەد مەجید کرا بە شێوەیەکی کاتی و بە وەکالەت.
ڕادەستکردنی دەسەڵات بۆ دانا ئەحمەد مەجید بەپێی نوسراوێکی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراقە بەهۆی دۆخی تەندروستی عومەری سەید عەلی و دوای ئەوە ناوبراو وەکالەتنامەی بۆ کردەوە، دانا ئەحمەد مەجید بۆ ماوەى شەش مانگ کارەکانى عومەر سەید عەلى بەڕێوەدەبات و لەو ماوەیەدا بەپێی رێنماییەکانى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردن، دەبێت دەستوری ناوخۆیی گۆڕان و کارەکانى بزوتنەوەکە رێکبخرێنەوە.
کوڕانی نەوشیروان مستەفاو ئەو بەرپرسانەی گۆڕان کە سەربە ئاڕاستەی ئەوانن، بە دانانی دانا ئەحمەد مەجید ڕازی نین و داوا دەکەن لە جڤاتی نیشتمانییەوە ڕێکخەری نوێ هەڵبژێردرێت، جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لە باژێڕوانەكان و ڕێكخەری ژوورەكان پێك دێت، بزووتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی، لە ماوەی ڕابردوودا باژێڕوانەكانی هەڵبژارد، كە زۆرینەیان سەر بە ئاراستەی كوڕانی نەشیروان مستەفان، بەڵام ڕێكخەری نوێی ژوورەكانی گۆڕان هێشتا هەڵنەبژێردراون، كە ڕێكخەرەكانی ئێستا زۆرینەیان سەر بە ئاراستەی عومەری سەیدعەلین.