پەرەگراف
سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت "ئەم هەڵبژاردنە لە ڕووی جۆرییەوە تەواو جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، چونکە کارتی بایۆمەتری و چەندین جۆر ئامێری پێشکەوتووی ئەلیکترۆنی بەکار دێت و لە هەموو وێستگەیەکی دەنگدانیش کامێرای چاودێری هەیە". دڵنیاییش دەداتە دەنگدەرانی هەرێم کە "ڕێژەی گزیکردن (ساختەکاری) لەم هەڵبژاردنەدا سفرە".
حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختیشی کردەوە کە "کۆمیسیۆن بەوپەڕی پیشەییبوون و شەفافیەت و پاکی و بێگەردی ئەم هەڵبژاردنە بەڕێوە دەبات".
سەرۆکی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد "هەموو ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدان ئامادە کراون و کۆمیسیۆن لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە".
"تا ئێستا جگە لە چاودێر و ڕێکخراوە ناوخۆییەکان، نۆ کونسوڵگەری و هەشت ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئامادەییان بۆ بەشداری لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکە دەربڕیوە"، حاکم عومەر ئەحمەد وا دەڵێت.
بڕیارە ڕۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت، کە یەکەم جارە لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
لەم هەڵبژاردنەدا دوو ملیۆن 898 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیانیان هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی 100 کورسیی پەرلەمان.
خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان لانیکەم ٣٠ کورسیی بۆ ژنان تەرخان کراوە بە کۆتا، لەگەڵ پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان؛ مەسیحی ٣ کورسی و تورکمان ٢ کورسی.
كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش کراون؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش سێ كورسی.