هەولێرو بەغداو کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کۆدەبنەوە

02-10-2024 02:57

پەرەگراف

حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی وەزارەتی نەوتی عێراق پرۆپۆزەڵ پێشکەش بە کۆمپانیا نەوتییەکان بکات و تێچووی کێڵگە نەوتییەکان دابین بکات تا هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، بەمنزیکانەش کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەسەر ئەو پرسە دەکرێت.

د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ دەسپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێم بووە "هەموو پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە".

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت "لەسەر وەزارەتی نەوتی عێراقە پرۆپۆزەڵێک پێشکەش بە کۆمپانیا نەوتییەکان بکات و ڕازییان بکات و بتوانێت تێچووی هەقیقی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دابین بکات، هەرکات تێچووی هەقیقی بە کۆمپانیاکان بدات ئێمە ئامادەین و هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە".

د.ئومێد سەباح لەبارەی هەموارکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان، وتی "هەرێم وەک لایەنی سەرەکی گرێبەستەکان دەمێنێتەوە، ئەگەر گۆڕانکاریی بکرێت لە مەرجە داراییەکان و جۆری گرێبەستەکان دەکرێت، ئەوەش پێویستی بە ڕەزامەندی کۆمپانیاکان هەیەو لێکتێگەیشتنی باش هەیەو بڕیارە لە نزیکترن کاتدا حکومەتی هەرێم و عێراق و کۆمپانیاکان کۆببینەوە لەسەر ئەم پرسە، ڕەنگە لیژنەی دارایی پەرلەمانیش ئامادەبێت لە کۆبوونەوەکە تا بگەینە ڕێگەچارەیەکی دەستووریی".

هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و کەرکوک بۆ بازاڕەکانی جیهان لە 25ی ئازاری 2023 وەستاوە، ئەوەش بە بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا، زیانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلارە بۆ عێراق و هەرێم.

دەستپێکردنەویە هەناردەی نەوتی هەرێم خواست و داواکاریی ئەمەریکاشەو تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەی شاندی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی بوو لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ٢٣-٩-٢٠٢٤ لە نیویۆرک.

دیلان غەفور سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق کە بەشداربوو لەو کۆبوونەوەیەدا بە پەرەگرافی وت، لایەنەی ئەمەریکی خوازیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمن، "بلینکن داوایکرد کێشەکانی بەردەم هەناردەی نەوت چارەسەر بکرێن و تا کۆتایی ئەمساڵ هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە".

لە بەرامبەردا محەمەد شیاع سوودانی، خواستی عێراقی پیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و کێشەکانی بەردەم ئەو پڕۆسەیەی خستووەتەڕوو، دیلان غەفور وتی "سەرۆکوەزیران ئەوەی خستەڕوو کە دوو کێشە هەیە، لەلایەک کۆمپانیا نەوتییەکان داوای قەرزە کۆنەکانیان دەکەن کە لەسەر هەرێمی کوردستانەو عێراق ناتوانێت بیانداتەوە، دووەمیش پێویستە گرێبەستە نەوتییەکان هەموار بکرێنەوە، حکومەتی هەرێم بەمە ڕازییە، بەڵام کۆمپانیاکان ڕازی نین".

گرفتێکی سەرەکیی بەردەم هەموارکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکان پارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت و شایستەی دارایی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستانە، حكومەتی عێراق بەو گرێبەستانە ڕازی نییە كە حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت كردوویەتی و لە جۆری هاوبەشیپێكردنە، عێراق پێی وایە هەرێم بەو جۆرە گرێبەستانە ‏دەرفەتی زۆری بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان داوە بۆ بەدەستهێنانی قازانجی زۆر، دەیەوێت ئەو پارەیە کەم بکاتەوە کە هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەری ڕێککەوتوون بۆ دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ ئەوەش پێشنیاری جیاواز هەیەو هێشتا نەیتوانیوە کۆمپانیاکان ڕازیی بکات.