پەرلەمانتارێک: تەیف سامی وتی مووچەی مانگی هەشتمان بۆ هەرێم ناردووەو هەفتەی داهاتوو مانگی نۆ دەنێرین
پەرەگراف
دیلان غەفور پەرلەمانتاری عێراق بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ تەیف سامی وەزیری دارای عێراق پێیگوتووە مووچەی مانگی هەشتمان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووەو هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی نۆ ڕەوانە دەکەین.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، "لیستی مووچەی مانگی ٩ی هەرێم گەیشتووەتە بەغداو ڕۆژی یەکشەممە وردبینی تێدا دەکرێت و لە هەفتەی داهاتوودا مووچەی ئەو مانگە ڕەوانە دەکرێت، ئەو تێبینییانەی لە ڕابردوودا لەسەر لیستی مووچە هەیان بووە چارەسەر بوون و نەماون، تەنها وردبینی لە لیستەکاندا دەکرێت".
ئەوە لەکاتێکدایە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هێشتا بەغداد تەواوکاریی مووچەی مانگی ٨ی نەناردووە کە بڕەکەی ٢٤٣ ملیار دینارەو بەهۆی نەناردنی ئەو بڕەوە هێشتا دەست نەکراوە بە دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت لە هەرێمی کوردستان.
هەرلەسەر پرسی مووچە، دوێنێ ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێم بە ڕۆژنامەنووسانی وت "نوێنەری وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەغدایە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیەو لەگەڵ گەیشتنی پارەکە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت".
یاریدەدەرەکەی مەسرور بارزانی وتیشی "لەسەر لیستی مووچەی مانگی ٩ بەغداد تێبینی هەیە لەبارەی هەندێک پلەبەرزکردنەوە، داوا دەکات لیستی مووچەی مانگی دوو بکەن بە بنەمای دابەشکردنی مووچە، بەڵام ئەوە ناکرێت و مانگانە گۆڕانکاریی هەیە، ئەوە بیانووە تەنها بۆ دواخستنی مووچە".
حکومەتی هەرێم هێشتا بڕیاری نەداوە بەو پارەیەی لەبەردەستیدایە کە ٧٥٥ ملیار دینارەو لە بەغداوە نێردراوە، دەستبکات بە دابەشکردنی مووچە.
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٥٠ هەزارن بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق مووچەکانیان لە ئەستۆی حکومەتی فیدراڵییە لە بەرامبەر چەند مەرج و پابەندییەک لەسەر هەرێم، بەڵام بەهۆی کێشە لە لیستی مووچەو ناکۆکییەکانی نێوان هەولێرو بەغداد، مووچەی هەرێم تووشی گرفت دەبێت و هێشتا مووچەی مانگی ٨ دابەش نەکراوە.