گرژیی ناو پرسەكەی هەولێر بەهۆی چییەوە بووە؟

30-09-2024 05:25
بەشداریی شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ لە پرسەکە

پەرەگراف

ئاسایشی هەولێر و وتەبێژی لیستی یەكێتی، دوو چیرۆكی جیاواز لەبارەی ڕووداوی ‏تەقەكردن لەناو پرسەكەی هەولێردا دەگێڕنەوە. لایەك پاسەوانەكانی شاڵاو ‏كۆسرەت ڕەسووڵ تۆمەتبار دەكات و لایەكەی دیكە ڕەتی دەكاتەوە و دەڵێت "لە ‏ڕێگەی ئاژاوەگێڕییەوە هەوڵی تێكدانی هەڵبژاردن دەدرێت".‏

ئەمڕۆ لە كاتی بەشداریكردنی شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ، سەرۆكی لیستی یەكێتی لە ‏بازنەی هەولێر، لە پرسەی كەسایەتی (تۆفیق حاجی حەمەكە)، گرژی و ‏تەقەكردن دروست بووە و برینداریشی لێ‌ كەوتووەتەوە.‏

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لەبارەی ڕووداوەكەوە دەڵێت "شاڵاوی كۆسرەت ‏ڕەسووڵ بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵەی قەهاری سابیر عەلكە (كە ‏كەسوكاری كۆچكردووەكەن)، سەردانی پرسەكەیانی كردووە، لەلایەن بنەماڵەی ‏خاوەن پرسەكە پێی گوتراوە كە پرسەكە بەجێ بهڵێت و ڕەزامەند نەبوون لەسەر ‏سەردانەكەی".‏

ئاسایشی هەولێر، بنەماڵەی شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ تۆمەتبار دەكات بەوەی "لە ‏ڕابردوودا دوو كەسی خاوەن پرسەكە بە دەستی ئەوان شەهید كراون"، دەشڵێت ‏‏"بەم هۆیەوە دەبێتە دەمەقاڵەیان و پاسەوانەكانی شاڵاو بە بێ گوێدانە هیچ ‏ڕێزێك بۆ حەرەمی مزگەوت و خاوەنی پرسەكە، هێرشیان كردووەتە‎ ‎سەر خاوەنی ‏پرسەكە و تەقەیەكی زۆریان كردووە".‏

‏"لە ئەنجامدا هاووڵاتییەك بە گوللەی پاسەوانەكانی شاڵاو بریندار بووە. لێرەوە ‏دووپاتی دەكەینەوە یاسا سەروەرە و ئەو كەسانەی تەقەیان كردووە و لەم كارە ‏نایاساییە بەشدار بوون، ڕووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە"، ئاسایشی هەولێر وا دەڵێت.‏

لە بەرانبەردا وتەبێژی لیستی یەكێتی دەڵێت "لە كاتی بەشداریكردنی شاڵاو ‏كۆسرەت ڕەسووڵ لە پرسەی كۆچكردوو (تۆفیق حاجی حەمەكە) كە ‏خانەوادەیەكی یەكێتین، كوڕێكی (قەهاری سابیر عەلكە) لەناو مزگەوت قسەی ‏نەشیاو دەكات، لە بەرامبەردا لە پای ڕێزگرتن لە حەرەمی مزگەوت و خانەوادەی ‏كۆچكردوو، شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ وەڵامی ناداتەوە".‏

كاروان گەزنەیی، وتەبێژی لیستی یەكێتی نیشتمانی، دەشڵێت "پاشان، ‏پاسەوانەكانی قەهار، لە كاتی جێهێشتنی مزگەوت لەلایەن شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ، ‏لەناو مزگەوتەكەدا تەقە دەكەن".‏

وتەبێژی لیستی یەكێتی ڕووداوەكە بە "نانەوەی ئاژاوە بەهۆی ترس لە شكستی ‏هەڵبژاردن" ناو دەبات و دەڵێت "لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا، دووەم جارە ئەم ئاكارە ‏ناشیرینە لە بازاڕی هەولێر و لە حەرەمی مزگەوتیش دووبارە بووەتەوە و لە ‏ڕێگەی كاری ئاژاوەگێڕییەوە هەوڵ بۆ تێكدانی هەڵبژاردن دەدرێت".‏

كاروان گەزنەیی لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر "بانگەشەیەكی هێمن و مەدەنی و ‏دیموكراسی"، ڕووداوەكەش بە "هەوڵی نەزۆك بۆ تێكدانی ئارامی و بەڕێوەچوونی ‏هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا" ناو دەبات.‏